گومان دەکرێت فیلمێکی کوردی ببێتە یەکەمی فێستیڤاڵەکەی بەغدا

:: PM:01:26:15/08/2018 ‌

لە کۆی باس و خواسەکانی ئامادەبووان و شارەزایانی بواری فیلمدا، گومان دەکرێت یەکێک لە فیلمە بەشدارەکانی فێستیڤاڵی عیون ببنە یەکەم.

فێستیڤاڵی "عیون" لە شاری بەغدا لە 13ی ئەم مانگە دەستی بە نمایشکردنی فیلمەکانی کرد و تا ئەمڕۆ چوارشەم بەردەوام بوو، لە کۆی 29 فیلمی هەڵبژێردراو، 21 فیلمی عێراقی و هەشت فیلمی دەرەوەی عێراق بەشدارییان تێدا کردووە، لەناو ئەو فیلمانەشدا پێنج فیلمیان کوردین و بەرهەمی دەرهێنەرە کوردەکانن.

ئامادەبووان گومان دەکەن ئەمڕۆ کە خەڵاتەکان دابەش دەکرێن، خەڵاتی باشترین فیلمی فێستیڤاڵەکە بە یەکێک لە فیلمە کوردییە بەشدارەکان بدرێت.

فیلمەکانی "شەپۆلی دەریا"ی ئەمیر غلامی، "فڕینی بەرد"ی هەردی حەسەن، "دوا دەرگا"ی ئازا یوسف، "نان و دووکەڵ"ی ئیبراهیم ڕەمەزان و فیلمی "حەیات"ی کاردینا هێمنی ناسراو بە کاردینای سپی بەشدارییان کردووە.

لەبارەی ئەم فێستیڤاڵەوە کاردینا بە "وشە"ی گوت: "لە دوای سێ ڕۆژ نمایشکردنی فیلمەکان، لە کۆتا ڕۆژدا باشترین فیلمەکان دیاری دەکرێن و خەڵات وەردەگرن، ئێمەش بەوپەڕی متمانەوە چاوەڕوانی خەڵاتی باشترین فیلمی بەشدار دەکەین". 


وشە - ڕێناس شابان