یادی قوربانییانی كۆمەڵكوژیی گوندی كۆچۆ كرایەوە

:: PM:01:27:15/08/2018 ‌


ئەمڕۆ چوارشەم لە گوندی كۆچۆی سەر بە شارۆكەی شنگال، یادی كارەسات و كومەڵكوژی گوندی كۆچۆ لەلایەن بنكەی رۆشنبیریی لالش و بە ئامادەبوونی نوێنەری ژمارەیەكی زوری داودەزگای حكوومی و حزبی و كەسوكاری قوربانییان كرایەوە.

دكتۆر سلێمان فانو بەرپرسی لقی سنوونی بنكەی رۆشنبیری لالش بە "وشە"ی راگەیاند، لە یادی كۆمەڵكوژی و كارەساتی گوندی كۆچۆ داوا لە حكوومەتی عێراق كرا بۆ ئەوەی لە ئاست ئەو كارەساتە بێدەنگ نەبێت و بە زووترین كات كار بۆ گەڕانەوەی ئەو كەسانە بكات كە تا ئێستە لە دەست داعش ماون، بە زووترین كاتیش قەرەبووی ئەو كەسانە بكاتەوە كه ‌لە ئەنجامی شەڕی داعش لە گوندی كۆچۆ و گوند و ناوچەكانی تر بوونەتە قوربانی و ماڵ و حاڵیان وێران كراوە،‌ بە تایبەتی ئەو كچ و ژنانەی كه ‌لە دەست داعش رزگار كراون.

لە كارەسات و جینۆسایدی ئێزیدییەكاندا شەش هەزار و 417 كەس رفێنراون و سێ هەزار و 315 كەسیش رزگاركراون و ئەوانی تریش ماون و تا ئێستەچارەنووسیان نادیارە، زیاتر لە شەش هەزاریش كوژراون.

گوندی كۆچۆ پێش ئەوەی خاپوور بكرێت، لە 220 ماڵ پێكدەهاتن و زیاتر لە 185 خێزان و هەزار و 750 كەس تیایدا دەژیان، لەوانە هەزار و 200 كەس لە یەك رۆژدا كوژران و ئەوانی تریش رفێنڕان بە تایبەتی كچ و منداڵان، بەپێی زانیارییەكان تا ئێستە 13 گۆڕی بە كۆمەڵ تەنیا لە گوندی كۆچۆ دۆزراونەتەوە.

وشە/دهۆك - نەوزاد هلۆری




وشە - سلێمان تاشان