ناوی 13 هاووڵاتیی ئێزیدی ئاشكرا دەبێ كە داعش لە شەڕی پێشمەرگە بە كوشتنی داون

:: PM:02:23:15/08/2018 ‌

بۆ یەكەم جار هاووڵاتییەكی هەڵاتووی دەستی داعش 13 هاوڕێی خۆی ئاشكرا دەكات كه ئێزیدی بوون و‌ لەلایەن داعشەوە بە زۆرەملێ بۆ شەڕ دژی پێشمەرگە بەكار هێنراون و كوژراون.

دوای ئەوەی‌ تیرۆریستانی داعش دەستیان بەسەر گوندی كۆچۆی سەر بە شارۆكەی شنگالدا گرت و دەیان كەس كۆمەڵكوژ كران، بەشێكی زۆری هاووڵاتییانی ئەو گوندە لەلایەن داعشەوە رفێنران و دواتر بۆ شەڕی دژی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق بەكار هێنران بە تایبەتی منداڵان . 

سەیف عەبدوڵا كە خەڵكی گوندی كۆچۆیە و ئێستە لە كەنەدا وەك پەنابەر دەژیت، بە "وشە"ی راگەیاند، لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆ  و لە ساڵی 2014 چەكدارانی داعش خەڵكی گوندی كۆچۆیان گرت و دەیان كەس لە خەڵكی گوندەكەیان كوشت و ژمارەیەكی تریشیان رفاند.

ئەو گوتی "من و چەند هاوڕێیەكی تر ئەو رۆژە لە دەورو‌بەری گوندی كۆچۆ بووین و خەریكی یاری بووین ، لەناكاو داعشەكان دەستیان بەسەر گوندەكەماندا گرت و هەموومان گیراین كە نزیكەی 15 كەس بووین، پاشان  رەوانەی مووسڵ كراین."

داعشەكان راهێنانیان بەو گەنجانە كرد و فێری تیرۆر و كوشتن و چەندان تاوانی تریان كردن، پاشان رەوانەی بەرەكانی جەنگیان كردن بێ ئەوەی ئەوان خۆیان بەم كارە رازی بن.

 سەیف باسی لەوە كرد كە خۆی و 13 كەسی تری گوندی كۆچۆ دوای مەشق و راهێنان بۆ شەڕی دژی پێشمەرگە و هێزەكانی پێشمەرگە بەكار هێنراون. ئەو دەڵێت "بەداخەوە هەموو هاوڕێكانم لە شەڕی دژی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان كوژراون و من و یەكی تر نەكوژراوین، دوای سێ ساڵ سوپاس بۆ خوا بە هەوڵ و كۆششی نووسینگەی رزگاركراوانی ئێزیدی، منیان لە دەست داعش رزگار كرد و دوای رزگاركردنم یەكسەر وەك پەنابەر چوومەتە كەنەدا و تا ئێستە لەو و‌ڵاتە دەژیم".

بەپێی قسەی سەیف هاوڕێكانی ئەو كە لەلایەن داعشەوە دژی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی عیراق بەكار هێنراون و لە شەڕدا كوژراون، ئەمانەی خوارەوەن.

1-ئەبو عەباس، كە ناوی سەباحە.
2-ئەبو جەمال، كە ناوی شێروانە.
3-ئەبو عومەر، كە ناوی هادی بووە.
4-ئەبو عەبدوڵا كە ناوی خدرە.
5-ئەبو عەبدوڕەحمان، كە ناوی حەواس بووە.
6-ئەبو خەتاب، كە ناوی یاسرە.
7-ئەبو هاجر ، كە ناوی نەزانڕاوە.
8-ئەبو رەقیە، كە ناوی نەزانراوە.
9-ئەبو موسعەب، كە ناوی  نەزانراوە.
10-ئەبو محەمەد، كە ناوی جاسمە.
11-ئەبو بیلال ، كە ناوی جاسمە.
12-ئەبو خەتاب، كە ناوی ئەسعەدە.
13-ئەبو یوسف كە ناوی ئەمجەدە.

جێی باسە لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا هەزار و 200 ئێزیدی لەلایەن چەكدارانی داعش بە چەند رێیەكی جیاواز لە یەك رۆژدا كوژران و كۆمەڵكوژ كران و ژمارەیەكی زۆریش رفێنران.

وشە/دهۆك- نەوزاد هلۆری:



وشە - سلێمان تاشان