تارار.. ئەو پیاوەی هەرگیز تێری نەدەخوارد و دەستی بە خواردنی مرۆڤ کرد

:: PM:03:03:15/08/2018 ‌

تارار لە ساڵی 1772 لە دایک بووە، لە تەمەنی‌ گەنجێتییەوە بەهۆی نەوسنییەوە خێزانەکەی نەیانتوانیوە بەخێوی بکەن و بردوویانەتە ناو سوپای ئەو کاتەی فڕەنسا و بووەتە سەرباز، لەوێش له‌ کاتی نانخواردن، ژەمی خۆی و چوار کەسی تری خواردووە، هەموو کاتێکیش دوای نانخواردن پاشماوەی ناو قاپەکان و زبڵەکانی خواردووە.


ئەم پیاوە بارودۆخێکی سەیر و نادیاری هەبوو، هەرگیز تێری نەدەخوارد و بەردەوام برسی بوو، لەگەڵ ئەوەشدا کێشی تەنیا 45 کیلۆگرام بوو، ئەگەر بڕی خواردنەکانی ئەو لە یەک ڕۆژدا پێوان بکرایە، ئەوا یەکسان بوو بە خواردنی تەواوی سوپایەکی سەربازی بچووک لە ژەمێکدا.

تارار لەناو سەربازەکان و هاوڕێکانیدا خۆشەویست نەبوو، هەموو کەس ڕقی لێی بوو و حەزیان بە چارەی نەدەکرد، ئەمەش بەهۆی ئەوەوە بوو کە بەردەوام لەناو زبڵدانەکان کەوتبوو، بۆنی پیسی لێ دەهات، چاوبرسی بوو، دیمەنێکی ترسناک و تا بڵێی قێزەونی هەبووە.

هەندێک لە زانایانی ئەو سەردەمە وەک دکتۆر کۆرفیل و دکتۆر بارۆن کە پزیشکی سوپای فڕەنسا بوون، بەردەوام هەوڵیان دەدا توێژینەوە لەسەر بارودۆخی تارار بکەن و تێبگەن لەوەی چۆن دەتوانێ بە ماوەیەکی کورت ئەو هەموو خۆراکە بخوات و هەست بە تێربوون نەکات بە هیچ شێوەیەک.

پشیلەیەکی بەتەنیا قووت دا:
کاتێک تارار گەنج بوو، خێزانەکەی لە ماڵەوە فڕێیان داوە، چونکە نەیانتوانیوە بەخێوی بکەن و پارەی هەموو خواردنەکانی ئەویان پێ نەدراوە، لەبەر ئەوە تارار چووەتە لای دز و ڕەش و ڕووتەکانی وڵاتەکەی و دەستی بە خواردنی هەموو ئەو شتانە کردووە کە بۆ خواردن دەشێن یان نا.
کاتێک دەمی کردووەتەوە، وات هەست دەکرد شەویلگەشی لەگەڵی دێتە خوارەوە، لەبەر ئەوە باوەڕت دەکرد ئەگەر سەبەتەیەک سێو بخاتە دەمییەوە، دەتوانێت هەمووی بخوات و قووتیان بدات، زۆرجاریش دەستی بە خواردنی بۆق، مشک، بەرد و شتی سەیرتر كردووه‌ و دواتر بە شێوەیەکی ناشیرینیش بەخۆی پێکەنیوە.

یەکێک لەو کەسانەی کە نمایشە سەیرەکانی تاراری بینیوە دەگێڕێتەوە، لە یەکێک لە نمایشەکانیدا پشیلەیەکی بە ددان لەت و پەت کردووە و خواردوویەتی، دواتریش ئێسکەپەیکەرەکەی لەناو جەماوەرەکەدا فڕێ داوە، جارجارەش سەگی بەو شێوەیە خواردووە.

تارار بە هەر شوێنێکدا بڕۆشتایە، خەڵک لێی دەترسان، تەنانەت دوای پشیلە و سەگ خواردنەکە، ئاژەڵەکانیش لێی دوور دەکەوتنەوە و قیژەیان لێ بەرز بووەتەوە کە لێیان نزیک بووەتەوە.

بۆنە ناخۆش و بێزارکەرەکەی تارار:
لەگەل ئەوەی ئەو هەموو تایبەتمەندییە سەیرەی هەبوو، لە کاتی پشکنیندا هیچ نەخۆشی یان خراپییەک لە باری دەروونیدا بەدیار نەدەکەوت و وەک مرۆڤێکی ئاسایی بوو، کاتێکیش خۆراكی خواردووە، ڕاستەوخۆ سک و گەرووی وەک باڵۆن قەڵەو بووە، بۆیە ڕاستەوخۆ چووەتە توالێت و خۆی بەتاڵ کردووەتەوە، ئەمەش ئەو بۆنە پیسەی بەردەوام پێوە هێشتووەتەوە.

کاتێکیش برسی بووە، سکی بە ڕادەیەک چووەتەوە ناو یەک کە گومانت دەکرد هەرگیز هیچ ئێسکێک لەو مرۆڤەدا هەبێت، بەردەوام وەک شتێکی سەیر بەدیار دەکەوت.

هیچ کەس نەیتوانیوە لە تارار نزیک بێتەوە و بەردەوام 20 مەتر هەر لێی دوور بوون، چونکە بۆنە ناخۆشەکەی کاریگەری لەسەر لووت و قورگ و چاویان کردووە و ترساون زیانیان پێ بگەیەنێت.

نهێنییەکەی تارار:
پیاوێک بە ناوی ئەلێکسەندەر دو بوارنێ توانی سوودێکی باش لە تارار وەرگرێت، ئەو کاتە فڕەنسا و ڕووسیا لە جەنگدا بوون و ئەو پیاوە جەنەڕاڵی سوپای فڕەنسا بوو، دڵنیا بوو لەوەی ئەو بارودۆخەی تارار دەتوانێت یارمەتییان بدات لە جەنگەکە سەرکەوتوو بن، بۆیە نووسراوێکی لەناو پاکەتێک خواردن دانا، بردییە بەردەم تارار تا خواردنەکان بخوات، دواتر سەیری کرد بزانێت تارار کاغەزەکەی خواردووە یان نا، بینی کاغەزەکه لەوێ نەماوە و خوراوە، پێشتریش ئەوەی بیستبوو کە تارار خواردن ناجوێ و تەنیا قووتی دەدات، لەبەر ئەوە کاتێک چووە توالێت و پاشماوەی فڕێ دا، کاغەزەکەیان هەڵگرتەوە و بینییان هێشتا دەخوێنرێتەوە، لەمەشەوە بیرۆکەیەکی بۆ هات.
نامەیەکی گرنگیان دەرخواردی تارار دا و داوایان لێ کرد وەک جووتیار بەسەر سنووری ڕووسییەکاندا تێپەڕێت و بیگەیەنێت بە سەرکردەیەکی فڕەنسی لەودیو سنوورەکەوە، بەڵام تارار لەبەر بۆنە ناخۆش و قێزەونەکەی، هەر لە زووەوە ئاشکرا بوو کە جووتیار نییە و گیرا، کاتێکیش لەژێر ئەشکەنجەدا بوو، ئاشکرای کرد نامەیەکی نهێنی پێیە، بۆیە ماوەیەکی باش سزا درا و دواتر نێردرایەوە ناو سوپای فڕەنسا، بەمەش بیرۆکەی جەنەڕاڵەکەی تێک دا.

مرۆڤیشی خوارد:
دوای ئەوەی بە سەلامەتی هاتەوە فڕەنسا، سەرکردەکانی وڵاتەکەی داوایان لە دکتۆر بارۆن کرد زوو چارەسەرێک شتێک بدۆزێتەوە و گەرووی بچووک بکاتەوە، هەرچی دەرمانی گیایی و کیمیایی ئەو سەردەمەیە دەرخواردیان دا.

لە جیاتی بچوکبوونەوەی گەرووی، تارار زیاتر هەستی بە برسێتی کرد، بۆیە هانای بۆ هەموو شت برد بیخوات، تا لە کۆتاییدا دەستی بە خواردنەوەی خوێنی برینداران کرد و لە بەردەم نەخۆشخانەیەک دۆزرایەوە.

دوای ماوەیەک منداڵێکی 14 ساڵان لە ناوچەکە دیار نەما، هاووڵاتییان هەموو تاراریان پێ تاوانبار کرد، گوایە ئەو خواردوویەتی، لەبەر ئەوە تارار زۆر ترسا و ڕایکرد، تا ماوەیەکی زۆر دەنگی نەما.

مردنەکەی:
دوای ئەو ڕووداوە، لە ساڵی 1789 تارار بە مردوویی دۆزرایەوە، پزیشکەکان کاتێک بۆ توێکاری تەرمەکەیان دەکرد، بە ئەستەم توانییان هەناسە بدەن، جونکە بۆنە ناخۆشەکەی بە مردوویی هەزار هێندە زیادی کردبوو.
دوای لێکۆڵینەوە و توێکاری تەرمەکەی، پزیشکان بۆیان دەرکەوت کێشە لە کەسایەتی ئەو پیاوەدا نەبووە، خۆی جەستەی وا دروست بووە کە بە هیچ تێری نەخواردووە، لەبەر ئەوە تووشی ئەو بارودۆخە ناخۆشە بوو کە پێی ژیا.

ماڵپەڕی "دەخلەک" تەواوی ئەم ڕاپۆرتەی بڵاو کردووەتەوە، ئەوەیشی ئاشکرا کردووە کە هیچ وێنەیەکی ڕاستی تارار یان وێنەی دروستکراوی بەردەست نییە، ئەمەش بەهۆی بۆنە ناخۆشەکەی بووە کە کەس نەیتوانیوە لە نزیکەوە سەیری بکات، تا وێنەی بگرن یان وێنەی بکێشنەوە.


وشە - ڕێناس شابان