بە ڤیدیۆ.. تەقە لە خۆپێشاندەرانی عێراق دەكرێت

:: PM:03:21:15/08/2018 ‌
هێزە عێراقییەكان هەڵیانكوتایە سەر خۆپێشاندەرانی شاری بەسڕە و تا ئێستە حەوت كەس بریندارن، خۆپێشاندانەكانیش بەردەوامییان هەیە.

بە پێی ئەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و میدیاكانی عێراق بڵاو كراونەتەوە، ئەمڕۆ لە خۆپێشاندانێكی باكوری شاری بەسڕە هێزە عێراقییەكان هەڵیانكوتاوەتە سەر خۆپێشاندەران و تەقەیان لە مانگرتووەكان كردووە.

 پێگەی "بغداد الیوم" بڵاوی كردووەتەوە، تا ئێستە حەوت كەس بریندارن و هۆزەكانی بەسڕەش هانا بۆ رۆڵەكانیان دەبەن بۆ ئەوەی بەرپەرچی هێزە عێراقییەكان بدەنەوە.

ئەمڕۆ خۆپێشاندانەكان 40مین رۆژ تەواو دەكەن و تا ئێستە حكوومەتی عێراق نەیتوانیوە خەڵكی باشوور بەوە رازی بكات كە واز لە خۆپێشاندانەكان بهێنن.

 بەپێچەوانەوە خۆپێشاندەران رایدەگەیەنن بە شێوەیەكی رێكوپێكتر بەردەوامی بە خۆپێشاندانەكان دەدەن.

یەكێك لە شێوازەكانی دامركاندنەوەی خۆپێشاندان كە لەلایەن حكوومەتی عێراق پێڕەو كراوە، ئەنجامدانی توندوتیژیی و گرتنی بەشدارانە. 

هەرچەندە رێكخراوەكانی بواری مافی مرۆڤ رەخنەیان لە عێراق گرتووە و داوایان لە حكوومەتەكەی كردووە، توندوتیژی دەرهەق بە خۆپێشاندەران ئەنجام نەدات، بەڵام ئەمڕۆ دووبارە هێزەكان توندوتیژییان بەكار هێنا.





وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل