مەسروور بارزانی: پارتی ڕۆژە سەختەكان و پیلانی گەورەی خیانەتكارانی تێكشاندووە

:: PM:07:47:15/08/2018 ‌
مەسروور بارزانی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیامێكدا ڕای گەیاند، پارتی بە درێژایی 72 ساڵ خەباتی بە رێبەرایەتی بارزانی نەمر و سەرۆك بارزانی، رۆژانی سەخت و پیلانی گەورەی تێپەڕاندووە.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم 15ی ئاب/ئۆگەستس، مەسروور بارزانی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیامێكدا ڕای گەیاند، بە بۆنەی 16ی ئاب، ساڵ ڕۆژی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوكات یادی لەدایكبوونی سەرۆك بارزانی، پیرۆزبایی گەرمی خۆم ئاراستەی سەرجەم پەیڕەوانی رێبازی پارتی و بارزانی و نیشتمانپەروەرانی كوردستان دەكەم.

مەسروور بارزانی لە پەیامەكەیدا دەڵێت، بۆ من و سەرجەم دڵسوز و تێكۆشەرانی راستەقینەی نیشتمان، سەرۆك بارزانی رێبەر و هێمایەكی مەزنی نیشتمانییە كە تەواوی ژیانی خۆی، بۆ سەرفرازی میللەتەكەمان و چەسپاندنی ئاشتی و پەرەپێدانی كولتووری مرۆڤ دۆستانە و پێكەوە ژیانی گشت پێكهاتەكانی كوردستان تەرخان كردووە، وێڕای پیرۆزبایی، هیوای تەمەندرێژیی بۆ جەنابیان دەخوازم".

لە بەشێكی پەیامەكدا هێما بۆ ئەوە دەكات، بە دەرفەتی دەزانم سوپاس و پێزانینم ئاراستەی هەموو هەڤاڵانی پارتی (پێشمەرگە، كادر، ئەندام و لایەنگرانی) بكەم كە وێرای هەموو سەختی و تەنگژەكان، بە هەوڵ و چالاكی بەردەوامیان، پارتی لەسەر ئاستی نیشتمان و ناوچەكەدا بە پێشەنگی و هێزەوە ماوەتەوە.

"لەم بۆنەیەدا لە بەرانبەر شكۆی شەهیدانیشدا، سەری رێز دادنوێنین و دووپاتی دەكەینەوە كە هەمیشە لە یادمان دەبن و خزمەتی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانیش بە ئەركی هەرە لە پێشینەی خۆمان دەزانین" مەسروور بارزانی لە پەیامەكەیدا وا دەڵێت.

روونیشی دەكاتەوە كە پارتی بە درێژایی 72 ساڵ خەباتی بە رێبەرایەتی بارزانی نەمر و سەرۆك بارزانی، رۆژانی سەخت و پیلانی گەورەی تێپەڕاندووە، بەتایبەتی لە شەڕی دژ بە تیرۆر و دوژمنان و تێكشكاندنی پیلانی خیانەتكاران، لەمەولاش پارتی بەهێزی زیاترەوە بەرەو ئایندەیەكی گەش هەنگاو دەنێت و سەر بۆ هیچ فشارێك و هەرەشەیەك ناچەمێنتەوە.

مەسروور بارزانی لە پەیامەكەیدا زیاتر گوتی، لە كاتێكدا ساڵ ڕۆژی دامەزراندنی پارتی پیرۆز دەكەین، پارتەكەمان وەك هەمیشە ئاڵا هەڵگری بەدەستهێنانی مافەڕەواكانی گەلەكەمانە و لەو بۆنەیەشدا دووپات لە سەر خەباتی بێ وچانمان بۆ گەیشتن بە هەموو ئاوات و خواستە ڕەواكانی گەلەكەمان دەكەینەوە و  هەوڵی چەسپاندنی ئاشتی و پێكەوە ژیان لەگەل گشت نەتەوەكانی ناوچەكە دەدەین.

لە كۆتایشدا دەڵێت، گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە، ئەوەمان لێدەخوازێت ئێمەی هەڤاڵانی پارتی ساز و ئامادەتر لە مەیدانی خەباتدا بین، چونكە لەگەڵ بەهێزیی پارتی، كوردستانێكی بەهێزمان دەبێت و هەر پارتی وەك هەمیشە هەوێنی یەكریزیی ناوماڵی كوردستانیش دەبێت.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم