لایەنەكان لەسەر سزادانی ئێران.. عەبادی لە خولی دووەم دوور دەخەنەوە

:: AM:09:20:16/08/2018 ‌
سەركردەیەكی حزبی دەعوە و نزیك لە عەبادی ئاشكرای كرد، لە پرسی سزاكانی سەر ئێران هێزەكان عەبادییان تەنیا هێشتووەتەوە، ئێران و ئەمەریكا فشاریان لەسەر عێراق دروست كردووە، هێزەكانیش دەیانەوێ ئەو بابەتە بۆ دوورخستنەوەی عەبادی لە خولی دووەمی سەرۆكایەتی حكوومەت بقۆزنەوە.

جاسم محەمەد جەعفەر سەركردە لە حزبی دەعوە و سیاسییەكانی نزیك لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە ڕۆژنامەی "شەرق ئەوسەت"ی ڕاگەیاند، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كێبەركێ لەگەڵ ڕووداوەكان دەكات و نامەیەكی هۆشداریشی بۆ سەركردەكانی عێراق ناردووە تا بە تەواوی پابەندی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران بن، چونكە واشنتن وەلائی وڵاتانی بۆ خۆی تاقی دەكاتەوە و لە ئەگەری دژایەتیكردنی گرفتی گەورەیان بۆ دروست دەكات.

ئاماژەی دا، هەریەك لە ئەمەریكا و كۆماری ئیسلامیی ئێران فشاری گەورەیان لەسەر حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دروست كردووە، ئەمەریكا دەیەوێ سزاكانی سەر ئێران جێبەجێ بكرێن، ئێرانیش دەیەوێ عەبادی ڕەتیان بكاتەوە، هەردوولایش هاوكاری و كۆمەكی عێراق لە شەڕی داعش دەكەنە بیانوو تا عەبادی لایەكیان هەڵبژێرێت.

ئەو سەركردەیەی حزبی دەعوە گوتی، لەو دۆخەدا كە فشاری زۆر لەسەر حكوومەت و دەوڵەتی عێراق هەیە، هێزە سیاسییەكان عەبادییان بە تەنیا هێشتووەتەوە و دەیانەوێ عەبادی چانسی خولی دووەمی سەرۆكایەتییەكەی لاواز ببێ و كەسێكی سەر بە خۆیان ببێتە سەرۆك وەزیران، دۆخەكە بە جۆرێكە كە هێزە سیاسییەكان وا مامەڵە دەكەن، كە ئەو وڵاتەی ناوی عێراقە هیچ گرنگی نییە بۆ ئەوان و بایەخی پێ نادەن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د