واشنتن پۆست: عێراق لە نێوان ئێران و ئەمەریكا تەنگژەیەكی قورسی تووش دەبێ

:: AM:09:47:16/08/2018 ‌
ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست" لە بابەتێكدا بە ناونیشانی "ترەمپ عێراق دەخاتە كێشەوە بەهۆی ئێرانەوە" ئاماژەی داوە، تەنگژەی گەورەتر لەوەی نێوان توركیا و ئەمەریكا، نێوانی عێراق و ئێرانە كە ترەمپ بە تەواوی گرژی لێ دروست كردووە، دوای ئەوەی دەستی بە سزادان و فشار خستنەسەر كۆماری ئیسلامیی ئێران كرد. 

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشتر ڕای گەیاند، عێراق هیچ بژاردەیەكی تری نییە جیا لە پابەندبوون بە سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران، بەگوێرەی زانیارییەكانی ڕۆژنامەكە، حكوومەتی ئەمەریكا سزای هەر بانكێكی عێراقی دەدەن، كە مامەڵە لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران بكات.

ئەو لێدوانەی عەبادی و كاردانەوەی عێراق لەسەر سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران، تووڕەیی زۆری لە شەقامی عێراقیش دروست كردووە، جیا لەوەی تاران بە تەواوی دانیشتن و سەردانێكی عەبادی بۆ وڵاتەكەی ڕەت كردەوە. 

ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، دیارە سیاسەتەكانی ترەمپ بەرانبەر ئێران سەركەوتوو بووە، چونكە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا تا ئێستە گرژی لەو شێوەیە لە نێوان عێراق و ئێران دروست نەبووە. 

نەبیل جەعفەر پسپۆڕی ئابووری لە زانكۆی بەسڕە گوتوویەتی، ئەمە سەرەتایە، كاتێك لە مانگی نۆڤێمبەر/تشرینی دووەم بەشی دووەمی سزاكان بۆ سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران ڕادەگەیەنرێت، دۆخەكە زۆر قورستر دەبێت، بێگومان ئەمەریكا سزای قورس بەسەر بەغدا دەسەپێنێت و هاوردەكردنی نەوتی لێ قەدەغە دەكات، ئەگەر پابەندی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران نەبێت.

لە كۆتاییدا هاتووە، هەرچەند بە فەرمی عێراق پابەندیەتی خۆی بە سزاكانی سەر ئێران ڕابگەیەنێت، بەڵام هیچ كات ناتوانێ دەسبەرداری تاران بێ، چونكە ئاو و كارەبا و نەوت و گازی لەو وڵاتەوە بۆ دێ، تاران ئەمانە لەسەر عێراق بگرێتەوە، تووشی گرفتی یەكجار گەورە دەبێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د