بۆردمانی توركیا لە شەنگال فەرماندەیەكی پەكەكەی كردە قوربانی

:: AM:09:52:16/08/2018 ‌
شەوی ڕابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆردمانی سنووری شنگالیان كرد و بەپێی دواین هەواڵ، فەرماندەیەكی پەكەكە و چوار پاسەوانی كراونەتە ئامانج.

ئەمڕۆ پێنجشەم 16ـی ئاب، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ناوەندێكی سەربازی لە شنگال بە "وشە" دراوە، لە ئەنجامی بۆردمانەكەی شەوی ڕابردووی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا، "زەكی شنگالی" فەرماندەی هێزەكانی پاراستنی گەل "هەپەگە" كراوەتە ئامانج و لەگەڵ چوار پاسەوانی گیانیان لە دەست داوە.

لە زانیارییەكان هاتووە، زەكی شنگالی لە گوندی كۆجۆ بووە، دوای رۆیشتنی لە گوندەكە بەرەو خانەسۆر گەڕاوەتەوە، لە رێ لەكاتی گۆڕینی ئۆتۆمبێلەكەی لەلایەن فڕۆكەكانی توركیاوە بۆردمان كراوە و خۆی و ژمارەیەك لە پاسەوانەكانی لە شوێنەكە گیانیان لە دەست داوە.

ئاماژە دراوە، هێرشی فڕۆكەكانی توركیا بۆردمانی دوو پێگە و كاروانی ئۆتۆمبێلەكان پەكەكەیان كردووە لە دۆڵی شیلۆ لەسەر رێی سەرەكیی شارۆكەی شنگال – شارەدێی شیمال و لە ئەنجامدا دوو ئۆتۆمبێل تێكشكاون.

سوپای توركیا لە ڕابروودا چەندان جار ئاگەداری بەرپرسانی شنگالی كردووەتەوە كە بوونی هێزەكانی پەكەكە وا دەكات هێرشی سەربازی بۆ ئەنجام بدەین و لە سەرەتای مانگی دووش هێرشێكی تری ئەنجام دا.



وشە - رامیار جەواد