شەڕ و ئاڵۆزی تەشەنەی سەند و هێرش كرایە سەر ماڵی بەرپرسێكی بەسڕە

:: AM:10:27:16/08/2018 ‌
لە شەوی ڕابردووەوە خۆپێشاندەران و هێزەكانی تەناهی شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوانیان دەستی پێ كردووە، ئەمەیش دوای ئەوەی كە خۆپێشاندەرێك لەلایەن هێزەكانەوە كوژرا، بەوهۆیەوە خۆپێشاندەران دەستیان كردووە بە تایە سووتاندن و بە بۆمبیش هێرش كرایە سەر ماڵی بەڕێوەبەری ڕەگەزنامە و پاسپۆڕتی پارێزگای بەسڕە.

سەرچاوەكانی تەناهی بڵاویان كردەوە، بۆمبێك بە ماڵی موقەدەم عەلا لە ناوچەی جەباسی لە شارۆكەی شەت عەرەبی بەسڕە تەقیوەتەوە، تا ئێستە زیانە مادی و گیانییەكانی دیار نییە. 

هاوكات شایەتحاڵەكان لە بەسڕە دووپات لەوە دەكەنەوە كە شەوی ڕابردوو شەڕە تەقەیەكی زۆر لە بەسڕە بوونی هەبووە و هێزەكانی تەناهی لە خۆپێشاندەرانیان كردووە، تا ئێستەیش نازانرێ دۆخەكە بە كوێ دەگات.

مەهدی تەمیمی سەرۆكی نووسینگەی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ لە بەسڕە دووپاتی كردەوە، كە پێویستە كۆبوونەوەیەكی بە پەلە ئەنجام بدرێ، بۆ تاوتوێكردنی دۆخی شارەكە و ڕێگری لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەكان.

لە هەشتی مانگی حوزەیرەران/یۆنیۆوە خۆپێشاندان لە بەسڕە دەستی پێ كرد و بەرەو شارەكانی تری باشووری عێراق تەشەنەی سەند و گەیشتە بەغدای پایتەخت، هەرچەندە حكوومەت هەموو هەوڵێكی دا بۆ ئەوەی بە ڕاگەیەنراو و بەڵێن و بڵاوەپێكردنی هێز كۆتایی بە خۆپێشاندانەكان بهێنێت، بەڵام تا ئێستەیش نەیتوانیوە بە تەواوی بەسەر دۆخەكە زاڵ ببێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د