وێنە.. ئاگرەكەی گاپیلۆن كۆنتڕۆڵ كرا

:: AM:10:39:16/08/2018 ‌
دوای كەوتنەوەی ئاگرێكی گەورە لە سنووری شارەدێی گاپیلۆن كە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەردەوام بوو، توانرا ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ بكرێت و هاووڵاتییەكیش بەتۆمەتی دروستبوونی ئەو ئاگرە گیرا.

ئەمڕۆ پێنجشەم 16ـی ئاب، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، ساڵانە و بەتایبەت لە وەرزی هاویندا دیاردەكانی ئاگركەوتنەوە ڕوو لە زیادبوون دەكەن و بەشێك لە هۆكارەكان مرۆڤەكانن خۆیانن كە هەست بە بەرپرسیارێتی ناكەن.

پۆلیس دارستان ئاماژەی داوە، لە گاپیلۆن و لە سنووری گوندەكانی (سنگر و كولەرد) ئاگرێك كەوتەوە، مەفرەزەكانی پۆلیسی درستانی گاپیلۆن گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە و بەهاوكاری گوندنشینەكان پاش ماندووبوونێكی زۆر توانییان ئاگركە كۆنترۆڵ بكەن.

لەبارەی زیانەكانی ئاگرەكە پۆلیسی دارستانی سلێمانی ئاشكرای كردووە، زیانی ئاگرەكە سووتانی 100 دۆنم پووش و پاوانی لێ كەوتەوە و بەتۆمەتی دروستبوونی ئاگرەكە یەك هاووڵاتی گیراوە و ڕادەستی دادگا كراوە بۆ لێپێچینەوە.

لە وەرزی هاویندا بەهۆی وشكبوونی پووش و پاوان، ساڵانە لە بەشێكی زۆری ناوچەكان ئاگر لە ئەنجامی هەڵەیەكی بچووكی مرۆڤەكان دەكەوێتەوە كە فڕێدانی جگەرەیەك یان جێهێشتنی ئاگری چێشتلێنان هۆكار بووە.







وشە - رامیار جەواد