سزاكانی یەكەتی تۆپی پێی عێراق سەبارەت بە یارییەكەی هەولێر و میسان

:: AM:11:19:16/08/2018 ‌

یەكەتیی تۆپی پێی عێراق سزایەكی قورسی بەسەر یانەی میسان سەپاند بەهۆی نانەوەی ئاژاوە و لێدانی ناوبژیوانی یارییەكەیان بەرامبەر یانەی هەولێر لە گەڕی سێیەمی خولی پلە یەكی عێراق.

سێشەمی رابردوو لە گەڕی سێیەمی كۆمەڵەی یەكەمی قۆناغی كۆتایی خولی پلە یەكی عێراق هەردوو یانەی هەولێر و میسان لەنێو یاریگەی فڕەنسۆ هەریری رووبەڕووی یەكتر بوونەوە.

تا خولەكی 68 هەردوو یانەكە بە ئەنجامی 1-1 گۆڵ یەكسان بوو، بەڵام یاریزانانی یانەی میسان لەبەرامبەر ناڕەزاییەكانیان بە توندی هێرشیان كردە سەر ناوبژیوان و بەهۆیەوە ناوبژیوانەكە فیكەی كۆتایی یارییەكەی لێدا.

یەكەتیی تۆپی پێی عێراق دوێنێ چوارشەم لەسەر رووداوەكە بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و تێیدا سزایەكی قورسی بەسەر یانەی میسان سەپاند و ئەنجامی یارییەكەشی بە 3 گۆڵی خاوێن بۆ یانەی هەولێر هەژمار كرد.

لێژنەی پێشبرکێی تایبەت بە بەرێوەبردنی یارییەکانی کۆمەڵەی یەکەم لە خولی پلە یەکی عێراق بۆ تۆپی پێی بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێان دراوە لەلایەن سەرۆکی یەکەتیی تۆپی پێی عێراق و سەرۆکی لێژنەی پێشبرکی یەکەتییەکە بڕیارێكیان سەبارەت بە یارییەكە دەركرد.

بڕیارەكانی لێژنەكە بەمشێوەی خوارەوە بوون:-

1-  بەپێی مادەی (10)ی سزادانی یانەکان فقرەی (5) مادەی (7) رێکخستنی بریارەکانی لێژنەی پێشبرکی یەکێتی تۆپی پێی عێراق بریاردرا:

ا:  ھەژمارکردنی یارییەکە بەئەنجامی (٣-٠) بۆ بەرژەوەندی یانەی ھەولێر.

ب: راگرتنی یاریدەری راھێنەری یانەی میسان ( ئەسیر کەریم) بەیاوەرینەکردنی تیپەکەی تا کۆتایی خولەکە.

ج: راگرتنی یاریزانی یانەی میسان ( ئەحمەد عەبدوڵا) ژمارە (٣) بۆ ماوەی یەک وەرز لە رێكەوتی دەرچوونی بریارەکە.

د: پەسندکردنی راپۆرتی سەرپەرشتیاری ناوبژیوانان لەسەر ئاستی ناوبژیوانی یارییەکە.

ھ: سوپاسی سەرۆک شاند و کارگێری یانەی میسان دەکەین بۆ ئەو روڵە باشەی کە پێشکەشیان کرد بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخەکە.

جێی باسە بەهۆی ئەم سەركەوتنەوە یانەی هەولێر ژمارەی خاڵەكانی دوای ئەنجامدانی 3 یاری بوون بە 7 خاڵ و هەر لە ریزبەندی یەكەمی كۆمەڵەی یەكەمی خولی پلە یەكی عێراق مایەوە.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م