ناكۆكییەكانی نێوان جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری پورتوگالی و پۆڵ پۆگبای ئەستێرەی فڕەنسی لەم چەند رۆژەی دواییدا زیاتر پەرەی سەندووە بەتایبەتیش دوای لێدوانێكی یاریزانەكە.
ئەمە لەكاتێكدایە كە هەردوو یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی و یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی یاریزاندا ئامانجی سەرەكییان كردۆتە گرێبەستكردن لەگەڵ ئەم پاڵەوانەی مۆندیالی 2018.
رۆژنامەی (میرۆر)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد: مانەوەی پۆگبا لە ریزی یانەی مانچستەر یونایتد بۆتە جێگەی گومان بەتایبەتیش دوای ئەوەی گفتوگۆیەكی راستەوخۆی لەگەڵ مۆرینۆ ئەنجامداوە.
مۆرینۆ لە لێدوانێكی پۆگبا توڕە بووە كاتێك لە یەكەم یاریی وەرزی نوێی خولی نایابی ئینگلیزی بەرامبەر یانەی لیستەر سیتی رایگەیاندبوو كە سكی پڕ قسە و گلەییە، بەڵام لە ترسی سەپاندنی سزا ناتوانێ دەریان بڕێ.
دوای ئەم لێدوانە مۆرینۆ داوای لە پۆگبا كردبوو كۆبوونەوەیەكی راستەوخۆ ئەنجام بدەن و سەبارەت بە گلەییەكانیان قسە بكەن.
سەرچاوەكە ئاشكرای كرد: پۆگبا لە كۆبوونەوەكەدا بە پۆگبای راگەیاندووە دەتوانێ لەم هاوینەدا ریزی یانەی مانچستەر یونایتد جێبێڵێ و ئەگەر ئارەزووش دەكات داواكارییەكی فەرمی پێشكەش بە یانەكە بكات.
مۆرینۆ بە پۆگبای راگەیاندبوو ئەگەر هەر گلەیی و داواكارییەكی هەبێت دەتوانێ راستەوخۆ قسە لەگەڵ ئەو بكات نەك لێدوان بۆ دەزگاكانی راگەیاندن بدات، لەبەرامبەریشدا یاریزانەكە رایگەیاندبوو كە پێویست ناكات قسە لەگەڵ ئەو بكات بەڵكو دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ بەڕێوبەری كارەكانی بكات بۆ هەر مەبەستێك بێت.