فەرماندەیەكی ئێزیدی: پەكەكە شنگال وەك عەفرین ڕادەستی توركیا دەكات

:: PM:01:22:16/08/2018 ‌
فەرماندەیەكی كوردی ئێزیدی لە هێزی پێشمەرگەی شنگال ئاشكرای كرد، پەكەكە شنگال چۆڵ نەكات، شارۆكەكە هاوشێوەی عەفرینی بەسەر دێ و توركیا هێرشی زەوینیش ئەنجام دەدا و داگیری دەكات.

قاسم دربۆ فەرماندەی كوردی ئێزیدی لە هێزی پێشمەرگەی شنگال بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئێوارەی دوێنێ لە شنگال فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بنكە و بارەگاكانی پەكەكەیان كردووەتە ئامانج، بەوهۆیەوە چوار بارەگا و چوار ئۆتۆمبێلی پەكەكە خاپوور بوون، ژمارەیەك چەكداریشیان كوژراون.

ئاماژەی دا، بۆردمانی توركیا بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی پەكەكە بە ئاگاداری حكوومەتی عێراق بووە و بڕیارێك لە نێوان بەغدا و ئەنكەرە هەیە، كە بەغدا ڕێ بە توركیا دەدا هێزی وشكاییش لە سووریاوە ڕەوانەی سنووری عێراق بكات و لەوێوە بەرەو شنگال پێشڕەوی بكەن و شنگال داگیر بكەن.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، پەكەكە بووەتە بەڵا و پێویستە بە خێرایی لە ناوچەكە بكشێتەوە، بە پێچەوانەوە شنگال دەبێتە عەفرینی دووەم و لەلایەن توركیاوە داگیر دەكرێت.

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە ڕوونی كردەوە، سەرەڕای ئەوەی باس لە دەركردنی حەشدی شەعبی و پەكەكە لە شنگال دەكرێ، بەڵام تا ئێستە هەردوو هێزەكە لە شنگال ماون و به فەرمی و لە بواری جێبەجێكردن هیچ ڕووی نەداوە، ئەوەی هەیە تەنیا قسە و زانیارین و نووسراون.

ئەمە دووەم جارە فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆردمانی بنكە و بارەگاكانی پەكەكە لە سنووری شارۆكەی شنگال دەكەن، بەوهۆیەوە زیانیان بە بنكە و بارەگاكانی پەكەكە و چەكدارانی ئەو حزبە گەیاندووە و خەڵكی ناوچەكەیش لە ترس و دڵەڕاوكێی زۆر دەژین و ناوێرن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

هەولێر/بڵند ئیبراهیم.



وشە - باز ئه‌حمه‌د