فتوایەكی نوێ‌ لەسەر ئاژەڵی قوربانیكردن درا

:: PM:01:30:16/08/2018 ‌
بەرپرسێكی یەكێتی زانایانی كوردستان فتوایەكی نوێ‌ لەبارەی قوربانی ئاژەڵ بڵاو دەكاتەوە و ئاشكرای دەكات، لەڕووی ئاینییەوە تووشی گرفت نابن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 16ـی ئاب، نەجمەدین قادر بەرپرسی لقی سلێمانی یەكێتیی زانایانی ئاینی كوردستان لە كۆنگرەیەكی‌ ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، هاووڵاتییان دەتوانن بەمەبەستی پاكوخاوێن ڕاگرتن ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئاژەڵ لە ماڵەكانی خۆیان سەر نەبڕن.

بەرپرسی لقی سلێمانی یەكێتی زانایان گوتی، بڕیاری قەدەغەكردنی سەربڕینی ئاژەڵمان لە دەرەوەی كوشتارگەكان دەركردووە، بۆیە پێویست ناكات قوربانیكار خوێنی ئاژەڵەكە ببینێ با كەسێكی نزیكی خۆی بكات بەنوێنەر و لە كوشتارگە كارەكانی بۆ جێبەجێ بكات كە لەڕووی ئاینەوە تووشی هیچ گرفتێك نابێت و خودا لێی قبووڵ دەكات.

ئاماژەی دا، داواكارین لە مسوڵمانان و قوربانیكاران، لە كوشتارگەكان قوربانییەكانیان سەربڕن و پارێزگاری لە پیسبوونی ژینگە بكەن تا ڕێ لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی بگیرێت.

قوربانیكردن یەكێكە لە نەریتەكانی مسوڵمانان لە ڕۆژانی جەژنی قوربان و ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتی ئاژەڵ دەكەن بە قوربانی.



وشە - رامیار جەواد