ئێران پەرە بە ناردنی خۆراكی خراپ بۆ هەرێمی كوردستان دەدات

:: PM:02:00:16/08/2018 ‌

ئامارەكانی رابردوو ئەو راستییە دەسەلمێنن كە ئێران هەرێمی كوردستانی كردووەتە ناوەندێك بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمە خراپەكانی و سەرەڕای ئەو هەموو رێگری و بەربەستە یاسایییانە، هێشتا لە ناردنی شتی خراپ بەردەوامە و دوای سزاكانی ئەمەریكاش كە بازرگانییەكەی سنووردار دەكرێت، لە رێی نافەرمی و قاچاخ پێشبینی هاوردەكردنی بەرهەمی بێ كوالێتی زیاتر دەكرێت.

لە دوو رۆژدا لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ دوو تۆن خۆراكی خراپ گەڕێنرایەوە ئێران، لە رۆژێكدا نیو تۆن مریشكی بەستوو رەوانەی ئێران كرایەوە، زیاتر لە 17 هەزار كیلۆگرام شەربەتی بێ كوالێتی گەڕێنرایەوە ئێران، شارەزایانی ئابووری لە هاتنی خۆراكی ئێران هۆشداری دەدەن، ئێران خۆراكی ژەهراوی هەناردەی هەرێم دەكات، لە ماوەی دوو مانگدا سێ جار بەنزینی ژەهراوی هەناردەی هەرێمی كوردستان كراوە.  ئەمانە مانشێت و ناونیشانی زۆرێك راپۆرت و هەواڵن كە لە چەند مانگی رابردوودا لە میدیا كوردییەكان بڵاو كراونەتەوە.

رۆژانە پەیامنێری میدیاكان كە لە دەروازە گومرگییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران هەواڵ ئامادە دەكەن بەردەوام ئاماری نوێیان لەسەر گەڕاندنەوەی خۆراكی خراپ و ناستاندارد یان بێ كوالێتی دەست دەكەویت و لە هەر بەرپرسێكی ئەم دەروازانە پرسیار بكرێ كۆمەڵێك ئامار دەخاتەڕوو كە ئاماری مەترسیدارن و ناكرێت وڵاتێك تا ئەو رادەیە هەوڵی هەناردەكردنی شتومەكی خراپ بۆ دراوسێی بدات.

رۆژ نییە لە میدیاكانی كوردستان هەواڵێكی نوێ لەسەر دەست بەسەرداگرتنی بەرهەمێكی خراپ یان گەڕاندنەوەی بەرهەمێكی بێ كوالێتی لە دەروازە سنوورییەكان بڵاو نەكرێتەوە. ژمارە و داتاكان ئەوەندە زۆرن زۆر جار گومان لەوە دەكری مەبەستی تر لە پشت ئەو پێوەندییە بازرگانییە بێت و ئێران بە ئەنقەست بیەوێت خەڵكی كوردستان تووشی نەخۆشی بكات و لەولاش دووبارە نەخۆشەكان كە زۆربەیان هۆكارەكەیان خۆراكی بێ كوالێتییە، بۆ چارەسەری سەردانی ئێران بكەنەوە و پارەیەكی تر بڕژێننە بازاڕەكانی ئێران.

سەرەتای  ئەم مانگە مەسعوود باتێلی سەرپەرشتیاری كۆمەڵگەی گومرگی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران ئاماری شەش مانگی رابردووی سنوورەكەی راگەیاند و گوتی، "لە ماوەی شەش مانگی رابردوو نزیكەی هەزار تۆن خۆراك و دەرمانمان گەڕاندووەتەوە بۆ ئێران، لەكاتێكدا ساڵی2017 نزیكەی 900 تۆنمان گەڕاندووەتەوە بۆ ئێران".

ئەم ئامارە دەری دەخات كە هەناردەكردنی شتومەكی ئێرانی بۆ هەرێمی كوردستان بە چ خێرایییەك زیاد دەكات، ئەگەر لە ماوەی شەش مانگدا هەزار تۆن هەناردەكردنی خۆراك و شتومەكی خراپ بۆ هەرێمی كوردستان رێی لێ گیرابێت، دەبێت لە رێی قاچاخ و نافەرمی چەندە خۆراكی خراپ هاوردە كرابن.

ساڵی رابردوو 900 تۆنی بۆ گەڕاوەتەوە و ئەمساڵیس ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا سەرووی دوو هەزار تۆنی بۆ دەگەڕێنرێتەوە، بەڵام پێ ناچیت ئێران كۆڵ بدات و ئەگەر لە دەروازەیەكەوە بەرهەمەكەی وەربگیرێتەوە، ئەوا لە دەروازەیەكی تر یان هەر نەبێت لە رێیە قاچاخەكان ئاودیوی هەرێمی كوردستانیان دەكاتەوە. لەمەودوا ئەركی چاودێری بازرگانی و تیمەكانی پشكنین لە ناوخۆی شارەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت زیاتر بێت. 

بوونی بڕێكی زۆری خۆراك و دەرمانی خراپ لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان خۆی سەلمێنەری ئەم راستییەیە كە ئێران لە ناردنی شتی بێ كوالێتی بۆ هەرێمی كوردستان دەست ناپارێزێت.

ئەم ئامارانەی سەرەوە زیاتر هی كاتێك بوون كە پێوەندییەكانی نێوان ئێران لەگەڵ هەریمی كوردستان و عێراق ئاسایی بوون و سزاكانی ئەمەریكا دەستیان پێ نەكردبوو.  دەروازە نێودەوڵەتییەكان كاری خۆیان كردووە و هەوڵیان داوە رێ لە قاچاخ بگرن و لە چوارچێوەی رێسا و چاودێری و پشكنینەكان شتومەك هاوردە یان هەناردە بكەن.

ئێران لە بەردەم دۆخێكدایە كە لە مەودوا بە ئاسانی ناتوانێت تەنانەت بە فەرمیش بەرهەمەكانی خۆی لە بازاڕەكانی وڵاتانی دراوسێ ساغ بكاتەوە و لە هەندێ بواردا تووشی لەمپەری بازرگانی دەبێت. ئەمەریكا دەستی بە سەپاندنی سزا قورسەكانی بۆ سەر ئێران كردووە و عێراق و هەرێمی كوردستانیش ناتوانن هیچ هەنگاوێك بنێن بە زیانی ئەمەریكا و لە قازانجی ئێراندا بشكێتەوە.

گرنگترین هەنگاوی ئێران ئەوەیە پەرە بە رێی قاچاخ بدات. پێشتر ئێران دژی ئەم سیاسەتە بوو، بەڵام ئێستە دۆخەكە وەرسووڕاوە و هەوڵ دەدات رێی جیاواز و نایاسایی بۆ ئەم پێوەندییانە بدۆزێتەوە و هەر جۆرە بازرگانیكردنێكیش لە دەرەوەی یاسا و رێنوێنییەكان، دەرفەتی گواستنەوەی شتومەكی خراپ و بێ كوالێتی زیاتر دەكات.

هەرێمی كوردستان كە لە دابینكردنی زۆر لە پێداویستییەكان پشت بە وڵاتانی دراوسێ دەبەستێت، پێویستە رێوشوێنە چاودێری و پشكنینەكان ئەوەندە توند بكرێن رێ لە دزەكردنی هەر جۆرە مادەیەكی خراپ بگیرێت.





وشە - سلێمان تاشان