یەكێتی بۆ پارتی: ئامادەی درێژەپێدانی خەباتی هاوبەشین

:: PM:03:10:16/08/2018 ‌
مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ساڵوەگەڕی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە و ڕای گەیاندووە، كۆی دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان و تا ئێستەیش بەری خەباتی هاوبەشمانن و مێژوو ئەركی گەورەی خستووەتە ئەستۆمان.

ئەمڕۆ پێنجشەم 16ی ئاب/ ئۆگستس، مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە پەیامەكەدا ڕای گەیاندووە، پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ باشتر رێكخستن ‌و رابەرایەتیكردنی لایەنە سیاسییەكانی كوردایەتی دامەزرا و لەو قۆناغەدا، لە مێژووی نوێی سیاسی ئەو سەردەمەدا، هەتا شۆڕشی ئەیلوول، پارتی رۆڵێكی مێژوویی گێڕا. لەدوای خیانەتنامەی جەزائیر و بەرپابوونەوەی شۆڕشی نوێشدا، سەرەڕای دۆخی دژواری شۆڕشەكە و دۆخەكە، دیسان پارتی رۆڵێكی گرنگی هەبوو.

لە پەیامەكەی یەكێتیدا ئەوە هاتووە كە كۆی دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان و تا ئێستەیش بەری خەباتی هاوبەشمانن و مێژوو ئەركی گەورەی خستووەتە ئەستۆمان، بۆیە ئامادەی درێژەپێدانی خەباتی هاوبەشین لە عێراق ‌و كوردستان ‌و ناوچەكەدا.

" ئەركمانە، یەكڕیزیی ماڵی كوردستان ببووژێنینەوە و حكوومەتی كوردستان كاراتر بكەینەوە و تەنگوچەڵەمەكان چارەسەر بكەین، لە پێشەوەدا گۆڕانكاری لە سیستەمی حوكمڕانی ‌و سەروەری یاسا و ریشەكێشكردنی گەندەڵی. بۆ ئەوەی بەم یەكڕیزییە و بەحكوومەتێكی بەهێز و بەدڵنیایی سیاسییەوە، بەشداری كاریگەر لەپێكەوەنانی حكوومەت دوای هەڵبژاردنی عێراق بكەین ‌و ئەمجارە بەكردەوە، حكوومەتی عێراق پابەندی دەستوور و پشكی راستەقینەی كورد بێ" لە پەیامەكەی یەكێتیدا وا نووسراوە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم