میرانی: كەس بە ئەندازەی سەرۆك بارزانی هەوڵی یەكڕیزی كوردی نەداوە

:: PM:03:37:16/08/2018 ‌
فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای گەیاند، لەگەڵ یەكێتی هەفتانە لە كۆبوونەوەداین و لیژنەیەكی هاوبەشمان هەیە بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەی هاوبەش.

فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی لەمیانەی گفتوگۆیەكی لەگەڵ بەشی كوردی "دەنگی ئەمەریكا" ئاماژەی بە یەكڕیزی ناوماڵی كورد و كۆبوونەوەی پارتی لەگەڵ لایەنە ناڕازییەكان كرد و ڕِای گەیاندووە، هیچ كات لە كۆكردنەوەی كورد بێ ئومێد نابین و بێزار نابین پەیاممان بۆ ناردوون و پێ دەچێت زەوینە خۆش بووبێت بۆ ئەوەی كۆبوونەوە ئەنجام بدرێت، ئەو لایەنانە ئە‌گەر پێشتر دەرگایان قەپات بووبێت ئێمە دەچین لە دەرگا دەدەین، چونكە ئەوەی ئێمە وەك كورد بۆ ئاغایەك و سەماحەتێك و مستەرێك قبووڵی دەكەین لە یەكتری قبووڵ بكەین كێشەكانمان چارەسەر دەبێت.

زیاتر گوتی، لەگەڵ یەكێتی هەفتانە لە كۆبوونەوەداین، لیژنەیەكی هاوبەشمان هەیە بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەی هاوبەش هەیە، ئالیەتی خۆمان هەیە و دەزانین چۆن پێكەوە كۆ دەبینەوە و بابەتی نیشتمانی یەكێكە لە خاڵ و تەوەرە سەرەكییەكانی كۆبوونەوەكان.

میرانی پرسیاری ئەوەی لێ كراوە كە ڕۆڵی سەرۆك بارزانی چییە لە گفتوگۆی نێوان لایەنە كوردییەكان و عیراقییەكانیش؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت، بۆ بابەتی لایەنە كوردییەكان كەس بە ئەندازەی سەرۆك بارزانی زووتر و خەمخۆرتر هەوڵی كۆكردنەوەی لایەنە كوردییەكانی نەدا، بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ جوابی بۆ هەموو حزبەكان نارد، بەڵام پێچەوانەی هەموو عورفێكی كوردی و سیاسی هیچ كامیان وەڵامێكی ئیجابییان نەدایەوە.

لەبارەی گۆڕانكاریش لە كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان فازڵ میرانی دووپاتی دەكاتەوە هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا لە 30ی ئەیلوول بەڕێوە دەچێت و دەڵێت، ئەوەی سەرۆك بارزانی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا هەر ئەوەیە، ئەو لایەنەی داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەكات دەبێت برادەرانی یەكێتی نەبن، چونكە زەوینە بۆ ئەوان باشە، ئێمە سوورین لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەكاتی خۆی.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم