كۆمسیۆن وادەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی درێژ كردەوە

:: PM:04:08:16/08/2018 ‌
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ماوەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران جارێكی تر درێژ كرایەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 16ی ئاب/ ئۆگەستس، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕای گەیاند، لە پێناو كارئاسانی بۆ هاووڵاتییان و ڕەخساندنی هەلی زیاتر بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان تا زیاتر سەردانی ناوەندەكانی نوێكردنەوەی تۆمار دەنگدەران بكەن بڕیار دراوە بە درێژكردنەوەی ماوەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران.

وەك لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، ئەو بڕیارە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ پێنجشەم دراوە و درێژكردنەوەكەیش تا سەعات سێی و نیووی دوای نیوەڕۆی ڕۆژی شەموو 18ی ئاب/ ئۆگەستس، دەبێت.

هەروەك دووپات لەوە كراوەتەوە كە ڕۆژانی هەینی و شەموو بنكەكانی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران كراوە دەبن تا زۆرترین هاووڵاتیی سەردانیان بكەن.

پێشتر كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە كردبوو كە تا ئێستە نزیكەی 40% هاووڵاتییان بۆ نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدان سەردانی بنكەكانیان كردووە، هاوكات هاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێی ماڵپەڕی كۆمسیۆن و لەڕێی ئەلكترۆنییەوە بەدوای ناوەكانیاندا بگەڕێن.

بڕیارە 30ی ئەیلوول هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەرێوە بچێت.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم