به‌رپرسێكی ئه‌مه‌ریكا: به‌ هه‌موو تواناوه‌ له‌ داهاتوو پشتیوانی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌بین

:: AM:10:21:17/08/2018 ‌
كاندیدێكی دیموكراته‌كان بۆ ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئه‌مه‌ریكا دووپات له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئه‌مه‌ریكا پشتیوانی له‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بكات. هێما بۆ ئه‌وه‌یش ده‌كات كه‌ دوای چوونی بۆ ئه‌نجوومه‌نی پیران هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات تا كوردستان سه‌ربه‌خۆ بێ، چونكه‌ ئه‌وان شایسته‌ن و له‌ زۆر وڵاتی تری ناوچه‌كه‌ خاوه‌ن ڕه‌وشت و به‌های خۆیانن و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا یه‌ك ده‌گرێته‌وه‌.

كیڤن نیكلسۆن كاندیدی دیموكراته‌كان بۆ بردنه‌وه‌ی كورسی ویلایه‌تی ویسكونسن له‌ ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان، به‌ سه‌رسه‌ختترین ڕكابه‌ری لیا ڤوكمیری ژنه‌ سیناتۆری پێشووی ئه‌مه‌ریكا داده‌نرێ، ئه‌وان له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانیان به‌ وردی باس له‌ سیاسه‌تی ناوخۆی ئه‌مه‌ریكا و پرسی بازرگانی و ئابووریی وڵاته‌كه‌ و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ ده‌كه‌ن، نیكلسۆن له‌ دیدارێكی ڕۆژنامه‌وانی باس له‌ كورد ده‌كات و دووپات له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، ده‌بێ هه‌ر ده‌وڵه‌تێك بۆ كورده‌كان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بهێنرێته‌ بوون.

نیكلسۆن پێشتر یه‌كێك بووه‌ له‌ پیاوانی هێزی ده‌ریایی ئه‌مه‌ریكا و بازرگان و سه‌رمایه‌داره‌، به‌ر له‌وه‌ی خۆی كاندید بكات بۆ بوون به‌ ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئه‌مه‌ریكا، هه‌رچه‌نده‌ نه‌یارانی به‌ نه‌شاره‌زا له‌ بواری سیاسه‌ت ناوی ده‌به‌ن، به‌ڵام ئه‌و دووپات له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، بینینی سیاسه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ و بێ ئه‌وه‌ی له‌ پرۆسه‌كان بی، وا ده‌كات واقیعیتر ئاریشه‌كان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ی و به‌ ئه‌رێنی مافه‌كانی خه‌ڵك بهێنیته‌ دی.

له‌ دیداره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌ كه‌ پێگه‌ی "the libertarian republic" بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، كیڤن نیكلسۆن ده‌ڵێ، ده‌بێ كۆنگرێس ڕێ به‌ هه‌ر جه‌نگێگ بدات كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌رپای ده‌كات، چونكه‌ هیچ جه‌نگێك له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ دروست ناكرێ، ئه‌گه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ نه‌بێ بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌مان، به‌تایبه‌ت گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌ن و ئێسته‌یش بۆكۆحه‌رام مه‌ترسیدارترینانه‌، هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر ته‌واوی هاووڵاتییانی ئه‌مه‌ریكا، ئایا ده‌سته‌وه‌ستان بین و هێرشیان نه‌كه‌ینه‌ سه‌ر؟

له‌باره‌ی كورده‌وه‌ ئه‌و كاندیده‌ی دیموكراته‌كان ده‌ڵێ، پێشتر له‌گه‌ڵ جۆن بۆڵتنی ڕاوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا گفتوگۆمان كرد، ئه‌و به‌ ته‌واوی پشتیوانی كردم و هاوڕا بووین له‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان بێته‌ دی و منیش دوای چوونم بۆ ئه‌نجوومه‌نی پیران، هه‌موو هه‌وڵێك بۆ ئه‌مه‌ ده‌ده‌م.

ماوه‌یه‌كی درێژه‌ كۆشش ده‌كه‌ین، به‌ڵام له‌ ناوچه‌كه‌ پێشوازیمان لێ ناكرێ و توركیایش به‌ تووڕه‌یییه‌وه‌ هاوپه‌یمانمانه‌ و دوای چه‌ندان ساڵ له‌ بوونی له‌ هاوپه‌یمانی ناتۆ، دواتر بووه‌ هاوپه‌یمانی ڕووسیا، ئایا ئه‌مه‌ وا نه‌بوو، ئه‌مانه‌ ده‌رگه‌ی به‌ڕووی ئێمه‌دا كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ نێوان توركیا و ئێران و عێراقیش ژماره‌یه‌كی زۆر كورد هه‌ن، ده‌بێ هاوكارییان بكه‌ین، كاری دروست ئه‌وه‌یه‌ پشتیان بگرین تا به‌ ته‌واوی سه‌ربه‌خۆ بن و ده‌وڵه‌تی خۆیان ڕابگه‌یه‌نن.

ئه‌وان له‌ هه‌موو دۆخه‌كان سه‌لماندوویانه‌ و توانای خۆیان له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كان و پاراستنی ناوچه‌كه‌، ئه‌وان میله‌تێكی خاوه‌ن ڕه‌وشت و به‌هان، زۆر له‌و وڵاتانه‌ی تر كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ یاری ده‌كه‌ن خاوه‌ن ڕه‌وشتترن و به‌ڵێنی خۆیان به‌جێ ده‌گه‌یه‌نن، بێگومان ئه‌وان شایسته‌ن ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیان هه‌بێ، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئێمه‌یه‌ ده‌بێ به‌ هه‌موو تواناوه‌ پشتیوانیان بین تا بێ خوێنڕشتن به‌ ئامانجی خۆیان بگه‌ن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د