شەقامێك دەكرێت بەناوی سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانه‌وه‌

:: PM:12:52:17/08/2018 ‌
ئەنجومەنی شارەوانی پارێزگاى هەڵەبجە بڕیاریدا شەقامێكی شاره‌كه‌ بكات بەناوی "ئامانج ڕەحیم"، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان.

بەپێی نوسراوێك، كە واژووى "كوێستان ئەكرەم"، سەرۆكی ئەنجوومەنی شارەوانی هەڵەبجە و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی لەسەرە تێیدا هاتووە، "ئەنجوومەی شارەوانیمان كۆبوونەوەی ئاساییی خۆی سازكرد بە مەبەستی ناونی یەكێك لە شەقامەكانی هەڵەبجە بەناوی ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە پای ئەو هەوڵ و خزمەتانەی پێشكەشی پارێزگای هەڵەبجەی كردووە".

زیاتر ئاماژه‌ى پێدراوه‌ كه‌، دوای وتوێژ و بە زۆرینەی دەنگ بڕیاردرا بە ناونانی شەقامی جووت سایدی بەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەڵەبجە تا مزگەوتی مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی مودەریس.

هەڵەبجە دەكەوێتە 83 كیلۆمەتر باشووری رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی، ئەو شارە بەرهەمی كشتوكاڵی و باغداری زۆرە و بەناوبانگە بە باشترین هەناری كوردستان و پارساڵ بەرهەمی هەنار لەو شارە 15 هەزار تۆن زیاتر بووە، هەروەها چەندان جووتیاری نموونەیی تێدایە، وەك ئازاد محەمەد كە جووتیارە و ئەمساڵ خەڵاتی جووتیاری نموونەیی لە هەموو كوردستان پێ بەخشرا.




وشە - محەمەد میران