کاتە بەتاڵەکانت چۆن بەسەر دەبەیت؟

:: PM:04:45:17/08/2018 ‌
نرخی کات:

ئەو کەسانەی سەرکەوتون لە ژیانیاندا و ڕێزی کات دەگرن پێویستە چاویان لێ بکرێ کە چی دەکەن و چۆن کات بەسەر دەبەن چونکە کات سامانێکی ڕاستەقینەیە  لای کەسانی ژیر  بەرھەمی ھەیە.

ھەوڵدان  بۆ بەدەستھێنانی کات  و قۆستنەوەی لە کاری باش کە سوودی ھەبێت بۆ خۆت و دەوروبەر ئەوا  ئەو  ئامانجە  بەدەست  دێنیت کە دەتەوێت، زۆر کەس دەناڵێنن بە ده‌ست نەبوونی کاتەوە و زوو تێپەڕبوونی کات بەمەیش زۆر ھەل لەدەست دەدەن بەھۆی زۆر  کارکردنیان  ڕۆژانە و  بۆ چەند کاتژمێری زۆر  وادەکات کاتیان نەمێنێ بۆ خۆیان و خێزانەکانیان. 

بۆیە پێویست دەکات پلانت ھەبێ بۆ کات بەسەربردنی خۆت لەگەڵ خێزان و ھاوڕێکانتدا.

تێگەیشتن لە کات و کاتە بەتاڵەکان:

کات لە ناو خەڵکدا ڕۆژانە دەوترێت و دووبارە دەکرێتەوە، ھەموو کەس پێویستی پێیەتی لە ھەموو جۆرە مرۆڤێک  لە ھەموو تەمەنە جیاوازەکان ھەر کارێک بکەن لە ھەر ئاستێکی کۆمەڵایەتی بن، تێڕوانین و گرنگی و نرخی کات لە کەسێک بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت، لەلای ھەندێک کات  تەنھا ماوەیەکە کە کارێکی تێدا ئەنجام دەدات و تێ دەپەڕێت و ھەندێک ھەروا بەفیڕۆی دەدات.

ڕۆژ لەلای ھەموو کەس لە 24 سه‌عات پێک ھاتووە، ھەر سه‌عاتێك لە ژیانیان لە شەست خولەکی یەکسان پێکھاتووە بەبێ جیاوازی لەگەڵ کەسێکی دەوڵەمەند و ھەژار یان بەھێز و لاواز، کەس ناتوانێت بیکڕێت ئەگەر چەند نرخی گرانیشی پێ بدات و ناگۆڕدرێت بە ھیچ  شتێک، تەنھا دەتوانرێت کاری تێدا بەرھەم بھێنرێت و بە شێوەیەک کە بتوانی گەورەترین کاری تیادا ئەنجام بدەیت ئەوەیش دەکەوێتە سەر ئەو کەسانەی چۆن بەکاری دێنن.
 
کاتی بەتاڵ بەوە دادەنرێت کە ھیچ کارێکی تیادا ئەنجام نادەیت بەتاڵ دەبیت لە ھەر شتێک لەسەرت بێت بۆ ئەنجام دانی، کاتە بەتاڵەکان ھەلێکن بۆ قۆستنەوەی ئەو کارانەی کە لە پلانی ڕۆژانەتدا نەبووە کارێک بکەی تیایدا سوود بە خۆت بگەیەنیت کارێک کە دەمێکە نەت کردووە و لە بیرت کردووە بۆ نموونە  وەک وەرزش کردن یان کاری خۆبەخشی یان خوێندنەوە و بیرکردنەوە و چالاککردنی مێشک و زۆر شتی تر، کە سوود بگەیەنێت بە خۆت و دەورووبەرت.

چی باشە بکرێت لە کاتە بەتاڵەکاندا:

درووست بوونی کاتی بەتاڵ لە مرۆڤدا دەبێتە ھۆی ئەوەی کاریگەری دروست بکات لەسەر ژیان و دەروونی ئەو کەسە و تووش بوون بە خەمۆکی یان بەرە و کاری خراپی ببات لەلای زۆر کەس بەرە و کێشەی کۆمەڵایەتی گەورە و خێزان و کۆمەڵگه‌ی دەبات، بۆیە زۆر گرنگە کە بتوانرێت پلان دابنێیت بۆ ئەو کاتانەی کارت نیە و پڕی بکەیتەوە بە زۆر شت لەوانەش: 

1. خوێندنەوە/ خوێندنەوەی کتێبی بە سوود  و گەڕان بە دوای زانیاری و خۆ ڕۆشنبیر کردن بۆ فراوان کردنی مێشک و چالاک کردنی.

2. وەرزش کردن/ وەرزش کردن بۆ گرنگییدان بە جەستە و تەندرووستی خۆت.

3. پێداچوونەوە بە خاڵە لاوەزەکانی خۆت و خاڵە بەھێزەکانت و بیر کردنەوە لە خودی خۆت و ھەوڵدان بۆ چاککردنی نەرێنیەکانی کە تێیدایە.

4. بە ئاگابوون لەو تازەگەریانەی لە تەکنەلۆجیا و ئینتەرنێتدا ھەیە، بە ئاگابوون لە ھەواڵی دنیا و داھێنان و توێژینەوە زانستیەکان لە ڕێگه‌ی ئینتەرنێتەوە.

5. کردنی کاری ناوماڵ لە گۆڕین و ڕێکخستن و جوان کردنی ماڵ.

6. خۆش بەسەربردنی کاتەکانت لەگەڵ ھاوڕێ و خێزاندا، بۆ چوونە گەشت و سەیرانى زیاتر و لە یەک نزیک بوون و ئارامی خودی خۆت.


وشە - محەمەد میران