قایمقامی پێنجوێن: تیمه ئێرانییه‌كه هاوئاهه‌نگییان له‌گه‌ڵماندا نییه.
زیاتر له سێ ساڵه تیمێكی ئێرانی كه ناسنامه‌یان نادیاره، به‌ناوی گه‌ڕان بۆ ته‌رمی سه‌ربازه كوژراوه‌كانی سه‌رده‌می شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی نێوان ئێران و عێراق، له سنووری شارۆكه‌ی پێنجوێن و ده‌وروبه‌ری و به‌تایبه‌تیش له شاخه به‌رزه‌كاندا چه‌ندان شوێنیان هه‌ڵكۆڵیوه و ژینگه‌یان تێك داوه و له كاره‌كه‌شیان به‌رده‌وامن. سه‌یر له‌وه‌دایه قایمقامیه‌تی پێنجوێن ده‌ڵێ هیچ هاوئاهه‌نگی و پێوه‌ندییه‌كیان له‌گه‌ڵ تیمه‌كه نییه و له‌رێی ئاسایشه‌وه له سنووره‌كه كار ده‌كه‌ن.
ژینگه‌پارێزانی ناوچه‌كه، چه‌ندان جار لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كانیان له‌مه ئاگادار كردووه‌ته‌وه و ته‌نانه‌ت سكاڵاشیان تۆمار كردووه، به‌ڵام كه‌س گوێی لێ نه‌گرتوون.
رێبوار كه‌مال سه‌رۆكی رێكخراوی مله‌كه‌وه بۆ پاراستنی ژینگه كه تاكه رێكخراوی ژینگه‌ییه له پێنجوێن، له لێدوانێكی تایبه‌تدا به "وشه"ی راگه‌یاند، ئه‌و تیمه ئێرانییه ماوه‌ی سێ ساڵه له پێنجوێن كار ده‌كه‌ن و به‌پێی ئه‌و پرسیارانه‌ی كردوویانه، به‌دوای ته‌رمی سه‌رباز و پاسداره كوژراوه‌كانی سه‌رده‌می شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی ئێران و عێراقدا هاتوون.
به‌گوته‌ی ئه‌و ژینگه‌پارێزه، ئه‌و شێوازه گه‌ڕانه‌ی ئه‌وان زانستی نییه و زیان به‌ژینگه ده‌گه‌یه‌نێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵكه‌ندنه‌كه به‌ئامێرێكی زۆر گه‌وره و زه‌به‌لاحه و به‌دوو حه‌فاره‌ی زۆر گه‌وره‌وه خه‌ریكن و زیانێكی زۆریان له ژینگه‌ی ناوچه‌كه و پێنجوێن داوه، له هه‌ندێك شوێندا دار ده‌شكێننه‌وه و به‌ناو دارستانه‌كه‌دا ده‌ڕۆن.
ئه‌و باس له زیانێكی تر ده‌كات و ده‌ڵێت، "ئه‌و شوێنانه به‌ناوچه‌ی مه‌ترسیداری مین ناسراون و زۆرجار له‌گه‌ڵ هه‌ڵدانه‌وه‌ی گڵ، كێڵگه‌كانی مینیش ده‌شێوێنرێن و هێماكان ده‌سڕێنه‌وه و هاووڵاتیش نازانێت ئه‌و شوێنانه مه‌ترسیدارن، ئه‌گه‌ر تیمی حكوومه‌تیش له داهاتوودا بیه‌وێت مینه‌كان پاك بكاته‌وه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی مینه‌كان ده‌كه‌ونه قووڵایی زه‌وییه‌وه، دۆزینه‌وه‌یان ئاسان نابێت."
تیمه ئێرانییه‌كه چاودێرێكی زۆر باشیان له‌گه‌ڵدا نییه و كاره‌كانیان زۆر به‌هه‌ڕه‌مه‌كی ده‌كه‌ن و كه‌سیش نازانێت كێ رێی پێ داون. ژینگه‌پارێزانان سكاڵاشیان له دادگا كردووه و وه‌ك رێبوار كه‌مال باسی كرد، وه‌ڵامی لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كان ته‌نیا ئه‌وه‌بووه ئه‌و تیمه به‌دوای رووفاتی كوژراوانیاندا ده‌گه‌ڕێن و ئه‌مه‌ش جێی بڕوای ئه‌وان نه‌بووه. چونكه ساڵی رابردوو له گوندی ئه‌حمه‌د كلوان، رووبه‌رێكی زۆری زه‌وییان هه‌ڵدایه‌وه، ئه‌مساڵیش هه‌ر له‌وێن و به‌و هۆیه‌شه‌وه چه‌ند كه‌سێك له‌و گونده تا ئێسته به‌هۆی مینه‌وه بوونه‌ته قوربانی.
له ساڵی 2015ه‌وه تیمه ئێرانییه‌كه به قووڵایی 30 كیلۆمه‌تر هاتوونه‌ته ناو خاكی باشووری كوردستان له سنووری پێنجوێن و بێگوێدانه هیچ بنه‌مایه‌كی ژینگه‌پارێزی، چه‌ند دارستانیان تێكداوه كه داری به‌ته‌مه‌نی تێدا بووه و نه‌خشه‌ی ناوچه مینڕێژكراوه‌كانیشیان گۆڕیوه.
دانا كه‌ریم ئه‌ندامی داواكاری گشتی له پێنجوێن بۆ "وشه" گوتی، "دوای سكاڵای ئه‌و رێكخراوه، ئێمه پێوه‌ندیمان به‌لایه‌نی پێوه‌ندیداره‌وه كردووه كه وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كانه، ئه‌وان بێئاگایی خۆیان له‌و دۆسیه‌یه راگه‌یاند و به‌ڵێنیان داوه به‌دواداچوونی رژدی بۆ بكه‌ن".
هاوكات زانا ره‌حمان قایمقامی شارۆكه‌ی پێنجوێن بۆ "وشه" روونی كرده‌وه، ئه‌و تیمه ئێرانییه پێش ده‌ستبه‌كاربوونی ئه‌و وه‌ك قایمقامی شارۆكه‌ی پێنجوێن، هاتوونه‌ته سنووره‌كه و ئێسته‌ش وه‌ك ئیداره هیچ پێوه‌ندییه‌كیان پێوه نییه، چونكه ئه‌وان له‌رێی ئاسایشی گشتییه‌وه هاوئاهه‌نگییان هه‌یه.
له‌باره‌ی نیگه‌رانی و داواكاری رێكخراوی مله‌كه‌وه ئه‌و به‌رپرسه ئاماژه‌ی به‌وه كرد، داواكارییه‌كه‌یان گه‌یاندووه‌ته پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ی پێنجوێن، بۆ ئه‌وه‌ی بچن سه‌ردانی تیمه ئێرانییه‌كه بكه‌ن و رێنوێنیی پێویستیان پێ بده‌ن تا دارستانه‌كان تێك نه‌ده‌ن.
به‌ختیار فه‌ره‌ج به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانی وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی حكوومه‌تی هه‌رێم، بۆ "وشه" ئاماژه‌ی به‌وه كرد، پێوه‌ندیمان به‌كونسوڵخانه‌ی ئێران و تیمه‌كه‌شه‌وه كردووه كه سه‌رقاڵی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كانن، به‌پێی رێككه‌وتنێكی وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق و ئێران و به‌ئاگاداری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و تیمانه رێپێدراون له سه‌رجه‌م هه‌رێمی كوردستان به‌دوای گۆڕدا بگه‌ڕێن، به‌ڵام ته‌نیا رێی ئه‌وه‌یان پێ دراوه ده‌ستنیشانی گۆڕه‌كان بكه‌ن، نه‌ك زه‌وی هه‌ڵبده‌نه‌وه.
"وشه" چه‌ندان جار ویستی سه‌ردانی تیمه‌كه بكات بۆ وه‌رگرتنی لێدوانی زیاتر له‌سه‌ر كاره‌كانیان، به‌ڵام تیمه‌كه هه‌ر له دووره‌وه رێ‌یان نه‌دا لێیان نزیك ببینه‌وه.
شارۆكه‌ی پێنجوێن نزیكه‌ی 96 كیلۆمه‌تر له شاری سلێمانییه‌وه دووره، له ماوه‌ی ساڵانی 19980 – 1988 مه‌یدانێكی گه‌رمی شه‌ڕی نێوان هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی عێراق و ئێران بووه و به‌و هۆیه‌شه‌وه وێڕای ئه‌وه‌ی زیانێكی زۆریان به‌سروشتی ناوچه‌كه گه‌یاندووه، رووبه‌رێكی فراوانی خاكیشیان به مین پیس كردووه و به‌رده‌وام به‌و هۆیه‌وه ژماره‌ی قوربانییان زیاد ده‌كات.
وشه/ پێنجوێن- رێبین پێنجوێنی