نرخی نەوت گەیشتە نزمترین ئاست

:: PM:07:03:17/08/2018 ‌
نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا لە دابەزیندایە و گەیشتووەتە نزمترین ئاستی لە چوار مانگی رابردوودا. لە 24 سەعاتی رابردوودا نزمترین نرخی نەوتی برێنت بریتی بووە لە 70 دۆلار و 30 سەنت.

بەگوێرەی "dailyfx" ڕۆژى چوارشەمى ڕابردوو سەرووی دوو دۆلار لە نرخی نەوت دابەزی و دوێنێ پێنجشەمیش نزیكەی 30 سەنت لە نرخەكەی هەڵكشاوە، بەڵام دیار نییە دەتوانێت قەرەبووی ئەو دابەزینە بكاتەوە یان دووبارە لە دابەزین بەردەوام دەبێت.

هاوكات نرخی نەوتی ئەمەریكی ناسراو بە WTI بۆ نزمترین ئاستی لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا دابەزی و ئێستە هەر بەرمیلێك لەم جۆرە نەوتەش بە 65 دۆلار  دەفرۆشرێت.

بەرزبوونەوەی بڕی نەوتی كۆگاكراوی ئەمەریكا لە هەفتەی رابردوودا و لە هەمان كاتدا بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار كاریگەرییان بۆ سەر دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكان هەبووە.

ئەو جەنگە ئابوورییەش كە لە نێوان ئەمەریكا و چین دەستی پێ كردووە، كاریگەریی بۆ سەر پاشەكشەی ئابووری دنیا هەیە و ئەمەش نرخی نەوت كەم دەكاتەوە چونكە ئاستی داخوازی لەسەر نەوت كەم دەبێتەوە.

نەوت لەو بەرهەمە گرنگانەیە كە ڕووداوەكانی دنیا راستەوخۆ كاریگەری لەسەر دادەنێت و هەر جۆرە بەرزبوونەوەیەك لە بەرهەمهێنان ئەوا كاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخی نەوت دەبێت.


وشە - محەمەد میران