دانوستانەكانی چین و ئەمەریكا نرخی نەوتیان هەڵكشاند

:: AM:09:08:18/08/2018 ‌

دوێنێ هەینی بۆ دووەم رۆژی لەدوای یەك نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا بەرز بووەوە و توانی نیوەی ئەو رێژەیە لە دابەزینی نرخی نەوت قەرەبوو بكاتەوە كە لە سێ رۆژ پێشتر تۆمار كرابوو.

رۆژی دووشەم كاتێك بازاڕی بۆڕسە كرایەوە نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بریتی بوو لە 72 دۆلار و 90 سەنت. بۆ ماوەی سێ رۆژی لە دوای یەك نرخی نەوت دابەزی كە تا بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەم بەردەوام بوو و نرخەكەی  تا 70 دۆلار و 50 سەنت دابەزی. 

رۆژی پێنجشەم نرخی نەوت تا 71 دۆلار و 30 سەنت و دوێنێ هەینیش تا 71 دۆلار و 76 سەنت بەرز بووەوە.

بەگوێرەی dailyfx  لە سەرەتای هەفتەكە بەرزبوونەوەی بڕی گشتی نەوتی كۆگاكراوی ئەمەریكا لە لایەك و پەرەسەندنی جەنگی ئابووری نێوان ئەمەریكا و چین بووە هۆی دابەزینی نرخی نەوت.

نرخی نەوت دوای ئەوە رووی لە بەرزبوونەوە كرد كە شاندێكی چینی بۆ چارەسەری كێشە ئابوورییەكانی نێوان چین و ئەمەریكا سەردانی واشنتنیان كرد و ئەمەش كاریگەریی بۆ سەر دامركاندنەوەی ئەو جەنگە ئابوورییە هەبوو كە لە نێوان ئەو دوو وڵاتە دەستی پێ كردووە.

وەزارەتی بازرگانی چین بڵاوی كردەوە، لەسەر بانگهێشتی ئەمەریكا دەستیان بەو دانوستانانە كردووە. ئەمەریكا باجی قورسی خستووەتە سەر بەرهەمەكانی چین و چینیش بۆ ئەمە وەڵامی هاوشێوەی هەبووە.

پێویستە بگوترێت هەر جۆرە كێشە و جەنگێك لە نێوان دوو وڵاتی زلهێزی ئابووری كاریگەری بۆ سەر پاشەكشەی ئابووری دنیا دەبێت و لەو كاتەشدا نرخی نەوت دادەبەزێت كە چەرخی پیشەسازی دنیای پێ هەڵدەسووڕێت.





وشە - سلێمان تاشان