سبەی ڕێی نێوان هەولێر و كەركووك دەكرێتەوە

:: AM:09:32:18/08/2018 ‌
بەڕێوەبەرایەتی ڕێ و پردەكان لە هەولێر ئاشكرای كرد، كارەكانی تەواوكردنی پردە ئاسنینەكەی پردێ بەرەو كۆتایی دەڕوا و كارمەند و ئەندازیار و تەكنیككاران پردە ئاسنینەكەیان داناوە و سبەی یەكشەم بە ڕووی شوفێران دەكرێتەوە.

هونەر نووری بەڕێوەبەری گشتیی ڕێ و پردەكان له پارێزگای هەولێر لە لێدوانێكدا بە ڕۆژنامەی "سەباح"ی زمانحاڵی حكوومەتی عێراقی ڕاگەیاندووە، ئەندازیار و كارمەندان و تەكنیككاران كارەكانی خۆیان بە كۆتایی هێناوە و بە چڕی كاری زۆریان كرد، تا بەر لە جەژن ڕێ نێوان هەولێر و كەركووك بە ڕووی شوفێران بكرێتەوە و گەشتیاران بتوانن لە ڕۆژانی جەژن بەرەو كوردستان یان بەرەو باشوور بەو ڕێیە خێرایییە گەشت بكەن.

ئاماژەی دا، ئەو پردە كاتییە ڕێی هەرێمی كوردستان بە كەركووك و ناوەڕاست و باشووری عێراق دەبەستێتەوە و سبەی یەكشەم كارەكانی تەواو دەبێ و بەڕووی شوفێران دەكرێتەوە، كۆی گشتی تێچوونەكەیشی گەیشتووەتە 220 ملیۆن دیناری عێراقی، توانراوە لە ماوەیەكی پێشبینی نەكراو كە تەنیا نۆ ڕۆژی خایاند، سەرجەم كارەكانی تەواو بكرێت.

پردەكە لە جۆری یونیڤێرساڵە و كێشەكەی 69 تۆن دەبێ، ستوونی پێویستی بۆ دانراوە كە بتوانێ بە تەواوی بیوەستێنێ و ڕایبگرێ، لە ڕووی تەكنیكییەوە هیچ كێشەیەكی نابێ، بە سەرپەرشتی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی كوردستان دروست كراوە و ئۆتۆمبێلەكان بێ كێشە دەتوانن لەسەری هاتوچۆ بكەن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د