تاران خەونەكەی عەبادی لەناو دەبات

:: AM:10:09:18/08/2018 ‌
ڕۆژنامەی شەرق ئەوسەتی لەندەنی لە ڕاپۆرتێكدا بڵاوی كردووەتەوە، كە لێدوانەكەی عەبادی لەبارەی پابەندبوون بە سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران بە تەواوی تارانی تووڕە كردووە و چانسی وەرگرتنەوەی ویلایەتی دووەمی سەرۆك وەزیرانی عێراقی لاواز كردووە.

سەرچاوەیەكی باڵای سیاسی بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە، بە لێدوانەكەی عەبادی گورزێكی گەورەی لە داهاتووی سیاسی خۆی دا، ئەو هاوسەنگی سیاسی نێوان تاران و واشنتنی شكاند و بەلای ئەمەریكا بایدایەوە، ئەمەش نەك هەر ئێران، بەڵكو تەواوی سەركردە شیعییەكانی عێراقیشی نیگەران كردووە و بە تەواوی بێ ئومێد بوون و نایانەوێ جارێكی تر عەبادی كاندید ببێتەوە و خولی دووەمی سەرۆك وەزیرانی وەربگرێتەوە.

ئەو سەرچاوەیە دووپاتی كردەوە، پێنج لایەنە سەرەكییەكەی شیعە هیچ كات نایانەوێ كەسێك ببێتە سەرۆك وەزیران كە دژی كۆماری ئیسلامیی ئێران بوەستێتەوە، چونكە تا ئێستەیش ئێران ڕۆڵێكی زۆر گەورەی هەیە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق كە كەمتر نییە لە ڕۆڵی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.

سەرچاوەكە دووپاتی كردووەتەوە، بەر لەوەی ئەو لێدوانە بدات، عەبادی لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتیوانی دەكرا جارێكی تر ببێتەوە سەرۆك وەزیران، بەڵام ئێستە دۆخەكە جیاوازە،  پێشتر عەبادی خاڵێكی هاوبەشی ئەمەریكا و ئێران بوو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، بەڵام ئێستە ئەوەیش ناكۆكی لەسەر دروست بووە و ناكۆكییەكان قووڵتر بوونەتەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د