بۆ قۆڵبڕینەوەیان..خەڵك بەلێشاو ڤیزای ئێران وەردەگرن

:: AM:10:29:18/08/2018 ‌
كونسوڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری سلێمانی ئاشكرای كرد، داوای ڤیزای ئێران لەلایەن هاووڵاتییانی كوردی هەرێمی كوردستان چوار هێندە زیادی كردووە، ئەمەیش لە كاتێكدایە پێشتر باڵوێزی عێراق لە تاران داوای لە خەڵكی عێراق كرد، بۆ گەشت سەردانی ئێران نەكەن، چونكە دەكوژرێن و دزییان لێ دەكرێت.

لە ڕاگەیەنراوێكی كونسوڵخانەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی هاتووە، چەند مانگێك پێش ئێستە ڕۆژانە تەنیا 630 ڤیزامان بە هاووڵاتییان دەدا، بەڵام ماوەیەكە خواست لەسەر وەرگرتنی ڤیزای كۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر زیادی كردووە و ئێستە لە ڕۆژێكدا دوو هەزار و 800 ڤیزا بە هاووڵاتییان دەدەین، بەمەیش چوار هێندەی پێشوو خواست لەسەر ڤیزای ئێران زیادی كردووە. 

بەگشتی لە هەردوو كونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر و سلێمانی ڕۆژانە چوار هەزار ڤیزا بە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەدرێ و ڕوو لە كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكەن.

پێشتر راجع مووسەوی باڵوێزی كۆماری عێراق لە تاران لە ڕاگەیەنراوێكدا داوای لە خەڵكی عێراق كرد، بە هیچ شێوەیەك سەردانی كۆماری ئیسلامی نەكەن، دوای ئەوەی بەهۆی دابەزینی نرخی تمەن خەڵكێكی زۆری عێراق دێنە ئێران، چونكە لە ئێران دەكوژرێن، یان دزییان لێ دەكرێ و قۆڵیان دەبڕدرێتەوە و پارەیان بە زۆر لێ وەردەگیرێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د