مەرجەعییەت و ئێران ڕووبەڕووی یەك دەبنەوە..كورد و سوننە یەكلاكەرەوەن

:: AM:10:31:18/08/2018 ‌
تا دێت هەژموونی ئێران بەسەر هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق زیاتر دەردەكەوێت، بەتایبەت دوای تووڕەبوونی تاران لە هەڵوێستەكانی ئەمدواییەی عەبادی. بەگوێرەی زانیارییە دزە پێكراوەكانیش لەگەڵ لایەنی سوننە و كوردیش لێكتێگەیشتنی سەرەتایی هەیە بۆ پێكهێنانی لیستی گەورەی پەرلەمانی.

لە كاتێكدا ناو ماڵی شیعە دابەشی سەر دوو تیم بوونە، تیمێكیان لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەكرێت كە خۆی لە "هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، هاوپەیمانی فەتح و چەند لیستێكی بچووكتر دەبینێتەوە"، لەگەڵ تیمی دووەم كە نزیكن لە ئەمەریكا و عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق كە خۆی لە "هاوپەیمانی نەسڕ، هاوپەیمانی سائیروون و حیكمە" دەبینێتەوە، هەردوو تیمیش كێبەركێیانە بۆ بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ كورد و سوننە بۆ پێكهێنانی لیستی گەورەی پەرلەمانی.

بەگوێرەی زانیارییەكان، تیمەكەی لە ئێرانەوە نزیكە لەكاتی گفتوگۆكانی لەگەڵ لایەنە سوننە و كوردەكان، بە ئاشكرا باسیان لە دوورخستنەوەی عەبادی كردووە، تا ئێرە پێ دەچێ هەژموون و هەڵوێستی ئێران یەكلاكەرەوە بێت لە پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو كە نووری مالیكی سەركردایەتی دەكات، بەڵام هێشتا جووڵەی تیمی دووەم ئاشكرا نەبووە، ئەگەرچی تیمی یەكەم باس لەوە دەكەن لەگەڵ كورد و سوننە و لایەنی تری شیعە گەیشتوونەتە رێككەوتن بۆ پێكهێنانی لیستی گەورەی پەرلەمانی كە خۆی لە 200 پەرلەمانتار دەبینێتەوە.

لە چەند رۆژی رابردوودا، هادی عامری سەركردەی هاوپەیمانی فەتح لە ماڵەكەی خۆیدا لە بەغدا، پێشوازی كرد لە نوێنەرانی لیستە شیعی و سوننی و كوردەكان كە نوور مالیكی سەركردایەتی دەكات، باس لە رێككەوتنێكی سەرەتایی دەكرێت.

بەگوێرەی راپۆرتێكی "عەرەب"، دانوستكارانی بەشدار لە كۆبوونەوەكە باس لە 200 كورسیی پەرلەمانی دەكەن، بەڵام رێككەوتن لەسەر وردەكاری تر لەوانە كاندیدی هەرسێ سەرۆكایەتییەكە و كابینەی نوێی حكوومەت دوا خراوە تا بەستنی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان.

ئەوەی جێی سەرنج بوو لە كۆبوونەوەكەی ماڵی عامری، بەشداریی هەریەكە لە فالح فەیاز راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، هەروەها ئاراس كەریم سەركردەی حزبی كۆنگرەی نیشتمانی كە هەردووكیان براوەی هەڵبژاردنن لە هاوپەیمانی نەسڕ بە سەرۆكایەتی عەبادی.

هەوڵەكانی ئەمەریكا
دوای بڕیاری سزا خستنەسەر ئێران، ئەو وڵاتە زۆر بە رژدی دەیەوێت لە رێی دۆسیەی عێراقەوە گوشار بخاتە سەر ئەمەریكا، ئەمەش وایكردووە واشنتن لە رێی برێت مەكگۆڕك نێردەی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر لە عێراق، لەگەڵ دۆگلاس سلێمان باڵوێزی وڵاتەكەی لە عێراق، دەست بە جموجۆڵ بكات.

ئێوارەی پێنجشەمی رابردوو 16ی ئاب/ ئۆگستس، شاندی ئەمەریكی لەگەڵ ئوسامە نوجێفی یەكێك لە سەركردەكانی هاوپەیمانی سوننە كۆ بوونەوە.

نوجێفی لە بەیاننامەیەكدا لەبارەی كۆبوونەوەكە، هێمای بۆ ئەوە كردووە كە مەكگۆڕك پێی راگەیاندووە وڵاتەكەی پشتگیری لە حكوومەتێك دەكات بەرەنگاری گەندەڵی و گەندەڵكاران ببێتەوە و لە حكوومەتی داهاتووش دوور بخرێنەوە، لە جێی ئەوان كەسانێك پۆستەكانی حكوومەتیان پێ بدرێت كە بە پاكی و شارەزایی و لە ئەستۆ گرتنی بەرپرسیاریەتی ناسراو بن.

تا ئێوارەی رۆژی پێنجشەمی رابردوو، چاودێران و شارەزایان چاوەڕوانی راگەیاندنی لیستی گەورە بوون لەلایەن شیعەی تیمی ئێرانی، بەڵام درەنگانی شەو هاوكێشەكە گۆڕانكاری بەسەردا هات، ئەگەرچی ناوخۆی هاوپەیمانی نەسڕ بە سەركردایەتی عەبادی نزیكە لە لەتبوون بەهۆی گۆشاری فالح فەیاز و ئاراس كەریم لەسەر عەبادی و پاشگەزبوونەوەی لە هەڵوێستی دژ بە ئێران، كە چاودێران پێیان وایە هەڵوێستی عەبادی دژ بە ئێران هەڕەشە لە داهاتووی دەكات وەك سیاسییەكی شیعی، بەڵام كۆبوونەوەی درەنگانی شەوی پێنجشەمی رابردوو لە نێوان عەبادی و سەدر و حەكیم و عەلاوی كە زیاتر بە شیعەی تیمی مەرجەعییەت و ئەمەریكی ناسراون، هەموو حیساباتەكانی تێك دا، بە تایبەتتر دوای ئەوەی هاوپەیمانی سوننە كە 53 كورسییان هەیە، ئاماژەی ئەرێنییان لە كۆبوونەوەكە وەرگرتووە و ئامادەیشیان دەربڕیوە بۆ دەستپێكردنی دانوستاندن لەگەڵیان لە بارەی پێكهێنانی لیستی گەورەی پەرلەمانی.

بەگوێرەی زانیارییەكان، پێوەند بە كوردیش ئەو تیمەی كە مەرجەعییەت پشتگیری لێ دەكات، پێوەندییان بە سەركردایەتی كورد و سەرۆك بارزانی كردووە، بیرۆكەی پێكهێنانی لیستی گەورەی پەرلەمانیان بۆ باس كردووە، وەك دەڵێن "كەشەكە لەگەڵ كورد باش بووە".

دوو لایەنە شیعەكە كێبەركێیانە لەسەر زۆرترین سازش
ئەو دۆخەی لەناو ماڵی شیعەدا هاتووەتە پێشەوە كە دابەشی سەر دوو تیمی ئەجێندا تەواو پێچەوانە كردوون، بە تەنیاش ناتوانن لیستی گەورەی پەرلەمانی پێك بهێنن، ناچاری كردوون كێبەركێ  بكەن لەسەر زۆرترین سازش بۆ رازیكردنی كورد و سوننە بە پێدانی پۆستی باڵا و دەسەڵاتی فراوان.

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە تیمی یەكەم كە ئێران پشتگیری دەكات، دەتوانێت رۆڵێكی كاریگەر بگێڕێت لە دەستنیشانكردنی جۆری ئەو هێزەی لەگەڵیدا هاوپەیمانی دەبەستێت. بەڵام تیمی دووەم كە مەرجەعییەت پشتگیری دەكات، وایكردووە پشتگیرییەكی فراوانی هەبێت بەهۆی ئەوەی هەموو هێزە عێراقییەكان بە كورد و سوننەشەوە، مەرجەعییەتیان قبووڵە.

چاودێرێكی سیاسی عێراقی پێی وایە ئەوەی روو دەدات هەوڵێكی تاقەت پرووكێنە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی عێراق و دوورخستنەوەی لە دەستی ئێران، بەتایبەت ئەو وڵاتە ئێستە رووبەڕووی تەنگژەی توند بووەتەوە.

ئەو چاودێرە بە دووری زانی حكوومەتی داهاتووی عێراق، نووری مالیكی و هاوپەیمانی فەتح تێیدا بەشدار بن كە سێ گرووپی لە لیستی تیرۆری ئەمەریكیدایە، روونی كردەوە بەڵام ئەو لایەنانەی سەر بە ئێران هەروا بە ئاسانی خۆیان بە دەستەوە نادەن، بەڵكو هەوڵ دەدەن خۆپێشاندانی هاووڵاتییانی باشوور بكەن بە شۆڕشێكی جەماوەری دژ بە حكوومەت.

زیاتر گوتی " ئەوە سووكایەتییەكی گەورەیە بە شەقامی عێراق كە سێ مانگە بەردەوامە لە خۆپێشاندان، مالیكی بێت حكوومەتی نوێ رابگەیەنێت كە ئەو یەكێكە لەوانەی تۆمەتی گەندەڵی لەسەرە و خۆپێشاندەرانیش داوا دەكەن بدرێتە دادگا".




وشە - فه‌رمان سادق