نووری مالیكی دەبێتەوە كاندیدی سەرۆك وەزیران

:: AM:10:48:18/08/2018 ‌
سەركردەیەكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئاشكرای كرد، بەشێك لەلایەنە سیاسییەكان ڕێككەوتوون كە نووری مالیكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی نوێی عێراق كاندید بكەن، ئەمەیش لە كاتێكدایە پێشتر ئەو ناوی لە ناو كاندیدەكانی شیعە نەبوو بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە.

محەمەد مووسەوی سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە پێگەی "بغداد الیوم"ی ڕاگەیاند، هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتیی هادی عامری و لیستی عەتا‌و بە سەرۆكایەتی فالح فەیاز، هاوپەیمانی میحوەری وەتەنی كە سوننەكان بەمدوایییە ڕایان گەیاند، لەگەڵ چەند لایەنێكی كوردی ڕێككەوتوون كە نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران كاندید بكەن.

ئاماژەی دا، كاندیدكردنی مالیكی بۆ ئەو پۆستە لەسەر ڕەزامەندی ئەو لایەنە سیاسییانە بووە و پێشبینی دەكرێ ڕەزامەندی لایەنەكانی تریش بەدەست بهێنێت.

پێشتر زیاتر چانس بۆ هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح بوو، تا ببێتە كاندیدی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و فەتح، بەڵام بەهۆی گرژبوونی پێوەندییەكانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، بوونی عامری بە سەرۆك وەزیران ئەستەم بووە و چانسی لە دەست داوە.

لایەنە سیاسییەكان چاوەڕێ دەكەن لە دوای جەژنی قوربان ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایار/مایۆ پەسەند بكرێ و دەست بە دانوستاندنی چڕ بكەن، تا گەورەترین هاوپەیمانی ڕابگەیەنن و بتوانن گەورەترین فراكسیۆنیش لە یەكەم دانیشتنی پەرلەمان تەواو بكەن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د