شەقڵاوە.. باڵەخانەیەك ڕووخا و ژمارەیەك كرێكار بریندار بوون

:: AM:11:15:18/08/2018 ‌
لەكاتی دروستكردنی نهۆمی دووەمی باڵەخانەی ئاگركوژێنەوەی شەقڵاوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەڕووخێت و بەو هۆیەوە ژمارەیەك كرێكار بریندار بوونە.

ئەمڕۆ شەموو 18ـی ئاب، موحسین قەسرۆكی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستی شەقڵاوە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ لەكاتی كاركردن بۆ تەواوكردنی نهۆمی دووەمی باڵەخانەی ئاگركوژێنەوەی شەقڵاوە دەڕووخێت.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستی شەقڵاوە گوتی، بەهۆی ڕووخانی ئەو نهۆمە لەكاتی چەوتێكردن شەش كرێكار بریندار بوونە و تا ئێستەش نەزانراوە كە ئایە هیچیان گیانی لە دەست داوە یان نا.

قەسرۆكی ئاماژەی دا، ئێستە ئێمە لە شوێنی ڕووداوەكەین و بریندارەكان بۆ نەخۆشخانە بەڕێ كراون بەمەبەستی چارەسەر، تەنیا كرێكارێك برینی سەختە.

"وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پێوەندی بە حەسەن ڕەمەزان گوتەبێژی سەندیكای كرێكارانی كوردستان كرد، بەڵام بەهۆی بوونی پشووی ئەمڕۆ هیچ زانیارییەكان لەسەر ڕووداوەكە نەبوو.

دوای تێپەڕاندنی تەنگژەی دارایی لە هەرێمی كوردستان، ئێستە پڕۆژەكانی دروستكردنەوەی باڵەخانەكان لە هەرێمی كوردستان دەستی پێ كردووەتەوە و بڕیاریشە پاش جەژن پارەی مانگانە بۆ پڕۆژەكان دابین بكرێت.



وشە - رامیار جەواد