خولی ئیسپانیا دەستی پێ كرد و یانەی لیڤانتیش یەكەم گۆڵی خولەكەی تۆمار كرد

:: AM:11:26:18/08/2018 ‌

دوێنێ هەینی بەفەرمی ركابەرییەكانی وەرزی نوێی خولی پلە یەكی ئیسپانیا (2018-2019) دەستی پێ كرد و تێیدا لە یەكەم رۆژی خولەكە دوو یاری بەڕێوە چوون.

لە یاریی دەستپێكی خولی پلە یەكی ئیسپانیا هەردوو یانەی گیڕۆنا و بەلەد وەلید بەبێ گۆڵ یەكسان بوون.

دواتریش لە یاریی دووەمدا یانەی لیڤانتی بووە میوانی یانەی ریال بیتیسی و یارییەكەشی بە 3 گۆڵی خاوێن لێ بردەوە.

یەكەم گۆڵی وەرزی نوێی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەلایەن رۆجەر مارتی سیلڤادۆر هێرشبەری یانەی لیڤانتی لە خولەكی 38ی یارییەكە تۆمار كرا، دوو گۆڵەكەی تریش لە گێمی دووەمدا لەلایەن خۆسێ لویس مۆرالیس لە خولەكانی 54 و 95 تۆمار كران.

بڕیارە ئەمڕۆ لە دووەم رۆژی دەستپێكی خولی پلە یەكی ئیسپانیا 3 یاریی گرینگ بەڕێوە بچێت، سەعات 7:15ی ئێوارە یانەی سێلتا فیگۆ مێوانداری یانەی ئیسپانیۆڵ دەكات، سەعات 9:15 یانەی ریال سۆسیداد دەبێتە مێوانی یانەی ڤیاڕیال، دواتریش لە سەعات 11:15ی شەو یانەی بەرشەلۆنەی پاڵەوانی وەرزی رابردوو لەنێو یاریگە و جەماوەری مێوانداری یانەی دیپۆرتیڤۆ ئەلاڤێس دەكات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م