تا ئێستە مەحاڵ بوو، بەڵام لە دوایەوە بووەتە ئەگەرێكی ئاسایی كە مرۆڤ بتوانێ لە قووڵایی دەریاكان بۆ ماوەیەكی زۆر بمێنێتەوە و ژیان بەسەر ببات، دوای ئەوەی زانایەك جۆرە ماسك و جلێكی دروست كردووە، هاوشێوەی ڕیش و پێستی ماسییەكانە و بەوهۆیەوە مرۆڤ دەتوانێ ئۆكسجین لە ناو ئاو وەربگرێ و بە شێوەیەكی ئاسایی هەناسە بدات و بژی.
جۆن كامی زانا بە هاوبەشی و هاریكی كۆلێژی تەكنیكی بەریتانیا و ستۆدیۆی تۆكیۆ بۆ دیزاین ماسكێكی دروست كرد، كە بە لەبەركردنی مرۆڤ دەتوانێ هاوشێوەی ماسی بە ڕیشەكەوانەكانی هەناسە لە قووڵایی دەریا وەربگرێ و بیداتەوە، بێ ئەوەی هیچ كێشەیەكی بۆ دروست ببێ.
كامی هیواخوازە ئەو داهێنانەی ببێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ بتوانێ بە ئاسایی و ئاسانی لە قووڵایی دەریا و لە ژێر ئاودا ژیان بەسەر ببات، چونكە داهێنانەكەی گەورەترین یارمەتی پێشكەشی مرۆڤ كردووە و هاوشێوەی ئەو كاتەی لەسەر زەوین، دەتوانن ئۆكسجین هەڵمژن و دووەم ئۆكسیدی كاربۆن بدەنەوە.
ماسكەكە بە جۆرێك دروست كراوە، كە بە ئارامی و بێ كێشە مرۆڤ دەتوانێ ماوەیەكی زۆر لەبەری بمێنێتەوە و هەناسە وەربگرێ و بیداتەوە لەو كاتەی لە ژێر ئاودایە، ئەو زانایە بە كۆكردنەوەی ڕیشی گیانەوەرە ئاوییەكان ئەو كارەی ئەنجام داوە، كە دەتوانن ئۆكسجین بەوهۆیەوە لە ناو ئاویش وەربگرن و بیدەنەوە.
ئەمەیش لە پەراوێزی هەوڵەكان دێ بۆ گەڕان بە دوای شوێنی تری ژیان، چونكە ڕاپۆرتەكان هێما بۆ ئەوە دەكەن، كە لە 2100 ڕێژەی ئاوی سەر گۆی زەوی بە بڕی 30% بەرز دەبێتەوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و توانەوەی بەفری جەمسەری باكور و باشووری گۆی زەوی.