نیوەی بەرهەمی گازی ئێران بۆ عێراق هەناردە دەكرێ

:: AM:11:58:18/08/2018 ‌

كۆمپانیای نیشتمانیی گازی ئێران رەتی كردەوە هیچ رێگرییەك بۆ فرۆشتنی گاز بە عێراق هەبێت و گوتی هیچ سزایەكی نێودەوڵەتی ناتوانێ رێگری لەم هەنگاوەیان بكات.

حەمید رەزا عێراقی بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیاكە روونی كردەوە، ئێستە رۆژانە لە ئێرانەوە 27 ملیۆن مەتر سێجا گاز بۆ دوو شوێنی جیاواز لە عێراق هەناردە دەكرێت و ئەم بڕە گازەش هاوتایە لەگەڵ هەموو ئەو گازەی ئێران بۆ توركیاشی هەناردە دەكات.

ئەو پێی وایە وزەی كارەبای عێراق گرێ دراوە بەو بڕە گازەی ئێران بۆی دەنێرێت و لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە ملیارێك و 500 ملیۆن مەتر سێجا گازی بۆ بەغدا هەناردە كردووە.

ئەو بەرپرسەی ئێران بە ئاشكرا گوتی لە وەرگرتنی پارەی ئەو گازەی بە عێراقی دەفرۆشێت، هیچ كێشەیەكی نییە و هیچ وڵاتێك ناتوانێ فرۆشتنی گاز قەدەخە بكات، چونكە پرسێكە پێوەندی بە ژینگەوە هەیە و لە زۆربەی وڵاتانی دنیا داخوازی لەسەر كڕینی گاز بۆ دابینكردنی سووتەمەنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بەرزە.

بەگوێرەی "ئیسنا" ئێران رۆژانە 57 ملیۆن مەتر سێجا گاز بۆ وڵاتان هەناردە دەكات و بە هۆی ئەوەی كە وەرزەكە هاوینە، توركیا بڕە گازێكی كەمتر لە ئێران دەكڕێت.

ئێران لە كاتێكدا بە بێمنەتی باس لە هەناردەی گاز بۆ عێراق دەكات كە ئەمەریكا دەستی بە سەپاندنی سزاكانی بۆ سەر ئێران كردووە و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش پێداگری لەوە كردووە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەكانی عێراق، رێگری لە سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران ناكات.

هەڵبەت قۆناغی دووەمی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ دەست پێ دەكات و كەرتی وزە و نەوت دەكاتە ئامانج و پێ دەچێت ئەوكات ئێران تەنانەت لە فرۆشتنی گاز بە عێراق تووشی كێشە بێت.





وشە - سلێمان تاشان