لە پێنجوێن كۆنفرانسی موفتی پێنجوێنی دەستی پێ كرد

:: PM:12:24:18/08/2018 ‌

بەدروشمی "موفتی شاعیری هۆشیاربوونەوە و هەڵوێست"، یەكەمین كۆنفرانسی زانستی موفتی پێنجوێنی دەستی پێ كرد كە دوو  رۆژ دەخایەنێت و چەندان چالاكی هونەری و وەرزشی و رۆشنبیری ئەنجام دەدرێن.

كۆنفرانسەكە بەئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاو لە پەرلەمانتاران و بەرپرسانی ئیداری و حكوومی و كەسوكاری موفتی شاعیر و جەماوەرێكی زۆر، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەموو دەستی پێ كردووە.

زانا رەحمان قایمقامی شارۆكەی پێنجوێن بە"وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ دوای هەوڵێكی زۆر، توانییان لە پێنجوێن یەكەمین كۆنفرانسی موفتی پێنجوێنی ساز بكەن.

ئەو دەڵێت "كۆنفرانسی ئەمساڵمان دەبێتە سەرەتایەكی باش بۆ ئەوەی لە ساڵانی داهاتوودا بەردەوام بین لەسەری و تێچووی ماددی كۆنفرانسەكەش لەلایەن پارێزگای سلێمانی و قایمقامیەتەوە دابین كراوە و ئومێدەوارین كە بایەخی زیاتر بەلایەنی رۆشنبیری و كولتووری پێنجوێن بدرێت".

بە گوتەی ئەو بەرپرسە ئەمڕۆ موفتی پێنجوێنی نەك هەر شاعیری پێنجوێنە، بەڵكو موڵكی هەموو كوردستانە. لە كۆنفرانسەكە زیاتر لە 40 لێكۆڵینەوە لەلایەن لیژنەی هەڵسەنگاندنی كۆنفرانسەوە وەرگیراوە و دواتریش بەشێوەی كتێب سەرجەمیان بڵاو دەكرێنەوە و كۆنفرانسەكەش دوو رۆژ دەخایەنێت.

شارۆكەی پێنجوێن نزیكەی 96 كیلۆمەتر لە سلێمانییەوە دوورە و خاوەنی چەندان كەسایەتی ناودارە، یەكێك لەوانەش موفتی پێنجوێنییە كە یەكێكە لە كەسایەتی و شاعیرە نیشتیمانپەروەرەكانی شارۆكەی پێنجوێن و كوردستان، لە ساڵی  1881 لە پێنجوێن لە دایك بووە و لە 1952 كۆچی دوایی كردووە.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی
















وشە - سلێمان تاشان