پاش سێ ساڵ.. یەكێتی كێشەی دوو بەڕێوەبەرەكەی ئاسایشی گەرمیان چارەسەر دەكات

:: PM:12:29:18/08/2018 ‌
دوای نزیكەی سێ ساڵ لە گرفت و ململانێی باڵەكانی یەكێتی بەهۆی لادانی بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان و دانانی كەسێكی تر لە شوێنی و قبووڵنەكردنی بەڕێوەبەری پێشوو بەو گۆڕانكارییە، ئەمساڵ توانرا كۆتایی بەو كێشە بهێنرێ، دوای ئەوەی بەڕێوەبەری پێشووی ئاسایشی گەرمیان ڕازی بووە ببێتە بەڕێوەبەری ئاسایشی چەمچەماڵ.

سەرچاوەیەكی تایبەتی "وشە" لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان گوتی، دوو ڕۆژە لیوا عەلی شەهید محەمەد شاسوار وەك بەڕێوەبەری ئاسایشی چەمچەماڵ دەستبەكار بووە و لیوا نەوشیروانیش بە فەرمی بووەتە بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان.

ئاماژەی دا، دوو ساڵ پێش ئێستە لیوا نەوشیروان ئەحمەد لەلایەن دژەتیرۆری سەر بە باڵی دەستڕۆیشتووی یەكێتی دانرا، بۆ كەمكردنەوەی پێگەی باڵی كۆسرەت ڕەسووڵ لە ناوچەكە، بەوهۆیەوە عەلی شەهید محەمەد شاسوار ڕەتی كردەوە پۆستەكە ڕادەستی لیوا نەوشیروان بكات و هەر خۆی بە بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان دەناساند و مامەڵەی دەكرد، بەڵام دوای دوو ساڵ یەكێتی توانی ئەو كێشەیە چارەسەر بكات و لیوا عەلی ئێستە لە چەمچەماڵە و لیوا نەوشیروانیش بووەتە بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان.

نەقیب عوسمان عەبدولكەریم بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئاسایشی گەرمیان ئامادە نەبوو قسە لەسەر ئەو پرسە بكات و تەنیا ئەوەندی گوت، ئێستە لیوا عەلی محەمەد وەك بەڕێوەبەری نوێی ئاسایشی چەمچەماڵ كار دەكات.

گەرمیان/سەبری هۆرینی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د