كارلۆس بەیەكجاری واز لە ریال مەدرید دەهێنێ

:: PM:01:10:18/08/2018 ‌

رۆبێرتۆ كارلۆسی ئەستێرەی پێشووی بەڕازیلی نزیكبووەتەوە لە وازهێنان و دووركەوتنەوەی یەكجاری لە یانەكەی پێشووی ریال مەدریدی ئیسپانی دوای ئەوەی یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنەی پورتوگالی پۆستێكی گرینگی پێ بەخشیوە.

كارلۆس ماوەی چەند ساڵێكە لە ریزی یانەی ریال مەدرید كار دەكات و پۆستی بەرپرسی پەیوەندییەكانی ناوەخۆی یانەكەی هەیە.

رۆژنامەی (ریكۆرد)ی پورتوگالی ئاشكرای كرد: یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنە كارێكی نوێی خستۆتە بەردەمی كارلۆس ئەویش بەڕێوەبەری گشتی یانەكەیە و هەردوولا لەسەر زۆرێك لە خاڵەكانی پۆستەكە رێككەوتوون.

یانەی سپۆرتینگ رۆژی 8ی مانگی داهاتوو رۆی خۆرخێ ریگۆ وەك سەرۆكی نوێی یانەكە رادەگەیەنێ دوای ئەوەی برۆنۆ دی كارڤێلۆ پۆستەكەی جێهێشت.

ریگۆ پەیوەندییەكی بەتینی لەگەڵ كارلۆس هەیە و داوای لێكردووە لە كارە نوێیەكەیدا هاوكاری بێت و بۆ ئەمەش پۆستی بەڕێوەبەری گشتی یانەكەی خستۆتە پێشی.

رۆژنامەكە پێشبینی كرد لە چەند رۆژی داهاتوودا كارلۆس نامەی دەست لەكاركێشانەوە پێشكەش بە سەرۆكی یانەی ریال مەدرید بكات و دواتریش دەست بە كارە نوێیەكەی بكات كە بەڕێوەبەری گشتی یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنەی پورتوگالییە.

جێی باسە كارلۆس چەند رۆژێك پێش ئیستا لەسەر لاپەڕی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) وێنەیەكی خۆی و خۆرخێ ریگۆی بڵاو كردەوە كە تێیدا لە چێشتخانەیەك دەردەكەون و خەریكی گفتوگۆن سەبارەت بە وێستگەكانی داهاتوویان.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م