كۆمسیۆن ناوی فەرمانبەرانی ڕۆژی هەڵبژاردن ڕادەگەیەنێت

:: PM:01:13:18/08/2018 ‌
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، ئەمڕۆ كۆتایی بە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران دێت و كاتی ڕاگەیاندنی ناوی فەرمانبەری گرێبەست بۆ سەر سندووقی دەنگدانیش ئاشكرا دەكات.

ئەمڕۆ شەموو 18ـی ئاب، ئیسماعیل خورماڵی بڕیاردەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ كۆتایی بە  نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران دێت و وادەكەشی درێژ ناكرێتەوە، بۆیە هیوادارین هاووڵاتییان سەردانی بنكەكانیان كردبێت بۆ دۆزینەوە و نوێكردنەوەی ناوەكانیان.

ئاماژەی دا، پڕكردنەوەی فۆڕم بۆ فەرمانبەری سەر سندووقی دەنگدان كۆتایی هاتووە و ئێستە خەریكی ڕێكخستنی فۆڕمەكانین، دوای جەژن ناوەكان ڕادەگەیەنین كە دەبنە فەرمانبەری كۆمسیۆن لە ڕۆژی هەڵبژاردن.

ڕۆژی هەشتی ئایار/مایۆ، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە مەرسوومێك ڕۆژی 30 ئەیلوول/سێپتێمبەری بۆ ئەنجامدانی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری كرد و كۆمیسیۆنیش دەستی بە ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە كردووە، پەرلەمانی كوردستان لە 111 كورسی پێك دێ، 11 كورسی بۆ پێكهاتە نەتەوەیییەكانی كوردستان دیاری كراوە و لە 19ی ئایار/مایۆی 1992 هەڵبژاردنی خولی یەكەم ئەنجام درا، لە 2005 و 2009 و 2013 خولی دووەم و سێیەم و چوارەمی پەرلەمان هاتنە هەڵبژاردن.



وشە - رامیار جەواد