مەكگۆرك و سولەیمانی..گره‌و له‌سه‌ر بردنه‌وه‌ی حكوومه‌تی عێراق ده‌كه‌ن

:: PM:01:47:18/08/2018 ‌
ڕۆژنامەیەكی عەرەبی بڵاوی كردەوە، برێت مەكگۆركی نوێنەری ترەمپ لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، كێبەركێیانە لەسەر بردنەوەی گرەوی حكوومەتی نوێی عێراق، تا گەورەترین هاوپەیمانی لەلایەن ئەو بەرەیەی شیعە پێك بهێنرێ كە یەكێكیان لە ئەمەریكا و ئەویتریان لە ئێرانەوە نزیكە.

لە ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی "العربی الجدید" هاتووە، كێبەركێی زۆر خێرا لە نێوان سولەیمانی و مەكگۆرك هەیە و تا ئێستەیش هیچ یەكێكیان نەیانتوانیوە ئەنجامی كێبەركێكە بە ڕێژەیەكی ڕەها لە بەرژەوەندی خۆیان یەكلا بكەنەوە.

فازڵ عوبێدی ئەندامی هاوپەیمانی سائیروون بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە، ئەمەریكی و ئێرانییەكان لە شەوی چوارشەمی ڕابردووەوە لە بەغدا ئامادەن و دەیانەوێ پەلە بكەن لە یەكلاكردنەوەی هاوپەیمانییەكان، لە كۆتاییشدا پێ ناچێ وەك پێشتر حكوومەتێك لە عێراق پێك بهێنرێت كە ڕەزامەندی هەردوولای لەسەر بێ.

لە شەوی چوارشەمەوە و لە سەعاتەكانی سەرەتا كێبەركێكە بە چڕی دەستی پێ كردووە، هەریەك لەو دوو بەرپرسەی ئێران و ئەمەریكا دەیانەوێ زۆرترین دەسكەوت لە یارییەكە بۆ بەرژەوەندی خۆیان ببەنەوە، بەڵام پێ دەچێ دووبارە سیناریۆی 2010 دووبارە ببێتەوە و لەجیاتی عەلاوی، ئەمجارە سەدر بكرێتە دەرەوەی بازنەكە و پەراوێز بخرێت، هەرچەندە براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بووە و 54 كورسیی پەرلەمانی بەدەست هێناوە. 

سەرچاوەیەكی باڵا بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە، قاسم سولەیمانی لە بەغدایە و لە باڵوێزخانەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا ژوورێكی ئۆپراسیۆنەكانیان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق پێكهێناوە و لە جموجووڵی چڕدان.


وشە - باز ئه‌حمه‌د