تەندروستی دهۆك پلانی جەژنی ڕاگەیاند

:: PM:02:13:18/08/2018 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی پارێزگای دهۆك ئەمڕۆ شەموو كۆبوونەوە و پلانی ڕۆژانی جەژنیان بۆ سەنتەری شاری دهۆك و سەرجەم شارۆكە و شارەدێكانی سنووری پارێزگاكە ڕاگەیاند.

حەمزە ڕەزیكی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی دهۆك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، د. نزار عیسمەت بەڕێوەبەری گشتی لەگەڵ بەڕێوەبەری تەندروستیی سەرجەم شارۆكە و شارەدێ و نەخۆشخانەكان و بەشەكانی تەندروستی لە سنووری پارێزگای دهۆك كۆ بووەوە، تێیدا بە وردی پلانی تەندروستی بۆ ڕۆژانی جەژن ڕاگەیەنرا.

زیاتر گوتی، لە كۆبوونەوەكە بڕیار درا لە ڕۆژانی جەژن هەموو پێویستییەكانی نەشتەگەری و گرفتەكانی تری تەندروستی لە نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن و سەرجەم نەخۆشخانەكانی تر دابین بكرێ و ئێشكگری پێویست دابنرێ، تیمەكانی تەندروستیش بە بەردەوامی لە بازاڕ و شوێنە گشتییەكان بڵاو ببنەوە.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، بنكەكانی فریاكەوتن و ئێشكگری لە هەموو شوێنەكانی پارێزگاكە كراوە دەبن و پێنج بنكەی ئێشكگری لە سەنتەری شاری دهۆك و بۆ هەر شارۆكەكەیش سێ بنكە بە درێژایی 24 سەعاتی ڕۆژ لە خزمەتی هاووڵاتییان دەبن.

ڕۆژی سێشەم یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربانە لە هەرێمی كوردستان و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، بەوهۆیەوە خەڵك لە پشوودا دەبن و تەندروستی و پۆلیس و ئاگركوژێنەوە و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی تر لەو ڕۆژانە بەرنامە و پلانی تایبەت دادەڕێژن، بۆ ئەوەی لە هەموو ڕوویەكەوە بە فریای خەڵكەوە بچن.

دهۆك/دێژین سدقی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د