یەكێتی مامۆستایان كۆنگرە دەبەستێ

:: PM:02:57:18/08/2018 ‌
سكرتێری یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ڕای گەیاند، لە دوای ئاساییبوونەوەی دۆخی هەرێمی كوردستان و تەواوبوونی هەڵبژاردنەكان، بیر لە بەستنی كۆنگرە دەكەنەوە.

ماوەی چەند ساڵێكە كۆمەڵە و سەندیكاكانی كوردستان ماوەی یاسایییان تەواو بووە و كۆنگرەیەشیان بۆ نوێبوونەوە نەبەستووە، یەكێتی مامۆستایانی كوردستان نزیكەی دوو ساڵە وادەی شەرعی كۆتایی هاتووە و هێشتا كۆنگرەیەی ئەنجام نەداوە.

عەبدولواحید محەمەد سكرتێری یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەهۆكاری شەڕی داعش و تەنگژەی دارایی كۆنگرەی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان دوا كەوتووە.

زیاتر گوتی، ئێستە بەهۆی ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاكان نزیكە، ڕەنگە نەتوانن ئێستە كۆنگرە بكەن.

وەك سكرتێری یەكێتی مامۆستایان ئاماژەی بۆ كرد، دوای ئاساییبوونەوەی دۆخی هەرێم و تەواوبوونی هەڵبژاردنەكان بیر لەوە دەكەنەوە كۆنگرە ببەستن، بەڵام "نەبەستانی كۆنگرەیش كاریگەری لەسەر كارەكانیان نەبووە".

یەكێتی مامۆستایانی كوردستان خاوەنی سەتان ئەندامە و كاری ڕێكخستنی كاروباری مامۆستایان و داكۆكی كردنە لە مافی ئەوان.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم