توركمانی عێراق بۆچی لەگەڵ ئەردۆغان كۆبوونەوە؟

:: PM:05:33:10/12/2016 ‌

هەفتەی رابردوو شاندێكی فرەوانی لایەنە توركمانەكانی عێراق سەردانی توركیایان كرد و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆكی توركیا كۆبوونەوە، چەند لایەنێكی توركمانی شیعە ئەو سەردانەیان سەركۆنە كرد كە بەبێ رەزامەندی بەغدا كراوە، سەرۆكی بەرەی توركمانیش دەڵێت كە ئەنجامی سەردانەكە بە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رادەگەیەنن.

ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانی عێراق لەو بارەوە رای گەیاند كە سەردانی شاندەكە لەسەر داوایەكی رەسمی حكوومەتی توركیا بووە و پێویست بە رەزامەندی پێشوەختەی حكوومەتی عێراق ناكات بەو پێیەی سەردانێكی سیاسییە.

زیاتر گوتی، لە سەردانەكە هەوڵ درا بۆ نزیككردنەوەی بیروبۆچوون لە نێوان بەغدا و ئەنكەرە و باسی بوونی هێزەكانی توركیامان لە عێراق نەكردووە، چونكە بەغدا خۆی ئەو وتوێژە دەكات. 

ئەو بەرپرسە توركمان روونی كردەوە كە هەروەها باسی جەنگی تەلەعفەر و هیچ شتێكی سەربازیان نەكردووە و ئەوەی باس كراوە لایەنی مرۆیی و یارمەتییەكان بووە بۆ ئاوارەكان و ئاشكراش كرد كە بەمنێزیكانە سەردانی عەبادی دەكەین بۆ ئەوەی ئەنجامی سەردانەكەی بۆ باس بكەین، هەروەها ئەوەشی پێ رابگەینین كە ئەردۆغان ئامادەیی وڵاتەكەی پێشان داوە بۆ ئاوەدانكردنەوەی چەند ناوچەیەك كە لەلایەن داعشەوە وێران كراون.

بەر لە چەند رۆژێك شاندێكی توركمانی بە سەرۆكایەتی ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانی عێراق و ئەندامانی بەرەكە و ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی توركمان سەردانی توركیایان كرد و لەگەڵ سەرۆكی توركیا و چەند بەرپرسێكی ئەو وڵاتە كۆ بوونەوە.

سەرچاوە: عەین ئەلعێراق 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل