بۆ دابەزاندنی كێش ئەم 10 هەنگاوە بنێ

:: PM:03:25:18/08/2018 ‌

كێشی زیادە یەكێك لە گرنگترین ئەو ئاریشانەیە كە خەڵكی دنیای بە خۆیەوە سەرقاڵ كردووە و مایەی نەخۆشی و چەندان كێشەی ترە. زانكۆكان و ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە بەردەوام رێنوێنی نوێ بڵاو دەكەنەوە و توێژینەوەی نوێ دەكەن بۆ ئەوەی یارمەتی خەڵك بدەن خۆیان لە كێشی زیادە رزگار بكەن.

ریجیمی خۆراكی یەكێك لە قورسترین هەنگاوەكانە بۆ ئەو خەڵكەی كێشیان زۆرە و ناتوانن لە خواردن دوور بكەونەوە، بۆیە نیوەی ئەو كەسانە دوای دەستپێكردنی ریجیمی خۆراكی، دواجار رادەستی حەز و ئارەزوویان دەبن و لە ریجیمەكەیان سەركەوتوو نابن. بەڵام زانایانی پزیشكی دەڵێن راستە ریجیم یەكێك لە رێگاكانی دابەزاندنی كێشە، بەڵام رێی تر هەن كە دەكرێ بێ ئەوەی ریجیم بكەی كێشت دابەزێنیت.

یەكەم: هیچ كاتێك خواردنی نانی بەیانی لە بیر مەكەن.
 یەكەم هەڵەی قەڵەوەكان ئەوەیە واز لە خواردنی نانی بەیانیان دەهێنن بەو هیوایەی كێشیان دابەزێت. نەخواردنی نانی بەیانی دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ لە ماوەی رۆژەكەدا زیاتر بخوات و تەنانەت هانا بۆ ئەو جۆرە خواردنانە بەرێت كە تەندروست نین. خواردنی بەیانیان دەبێتە هۆی ئەوەی ڤیتامینەكان زووتر بە لەش بگەن و لەشی مرۆڤ تەندروست بێت.

دووەم: زیادكردنی خەو
زیادكردنی خەو دەبێتە هۆی ئەوەی كێشی لەش زیاتر دابەزێت، زۆر خەوتن بەو واتایە نییە درەنگتر بچنە سەركار، بەڵكو دەكرێ زووتر بچنە سەر پێخەفتان بۆ ئەوەی زیاتر پشوو وەربگرن. پزیشكان دەڵێن ئەو كەسانەی كێشەی خەویان هەیە زیاتر برسی دەبن.

سێیەم: خواردنی چای كەسك
 چای كەسك بكەن بە باشترین هاورێی خۆتان بۆ دابەزاندنی كێش، چونكە هیچ خواردنەوەیەكی تر ناتوانێت جێی چای كەسك پڕ بكاتەوە. چای كەسك دەبێتە هۆی سووتاندنی كالۆری لەش و هاوكات چەورییەكانیش ئاسانتر دەتوێنێتەوە.

چوارەم: بنێشت 
 بۆ ئەوەی حەزی خۆراكیتان كەم ببێتەوە، بەتایبەت ئەو بنێشتانە بجوون كە شەكریان نییە و تامی نەعنایان هەیە. ئەوانەی زۆر سەیری تەلەڤزیۆن دەكەن یان ئینتەرنێت بەكار دەهێنن بێ ئەوەی خۆیان ئاگایان لە خۆیان بێت بڕێكی زۆر خواردن دەخۆن و لەو كاتەدا باشتر وایە سوود لە بنێشت وەربگرن.

پێنجەم: دووركەوتنەوە لە خواردنی خوێ
 ئەوانەی خوێ زۆر بە خۆراك دادەكەن ئەوا لە داهاتوودا زیاتر برسی دەبن و هاوكات زیاتریش تینوو دەبن و لەوانەیە هانا بۆ خورادنەوەی شەربەت و خواردنەوە گازییەكان بەرن و ئەمانەش كێش بەرز دەكەنەوە.

شەشەم: بەرزكردنەوەی ورە
دڵی خۆتان بدەنەوە و بە ئیرادە بن و بۆ ئەوەی ئیرادەتان بەهێز بێت. بۆ نموونە هەندێك جلكی كۆنی خۆتان و هی سەردەمی قەڵەویی جاروبار لەبەر بكەن بۆ ئەوەی بۆتان بسەلمێنرێت پێشتر چەندە قەڵەو بوون و چ گۆڕانكارییەكتان بەسەردا هاتووە كە هاندەرێكی سەرەكییە بۆ بەرەوامبوون لە پاراستنی تەندروستی  و رێكخستنی لەشولار.

حەوتەم: بە هێمنی ژەمی خواردن تەواو بكەن
بە هێمنی نانخواردن یەكێك لە باشترین رێیەكانە بۆ بەرگریكردن لە قەڵەوی و دەكرێ لانی كەم 20 خولەك بە خواردنەوەبن نەك بە پێنج خولەك خواردنەكە تەواو بكەن و بكشێنەوە. بۆ ئەوەی فێری ئەو كولتوورە بن لە كاتی نانخواردن تایمی سەعات یان مۆبایلەكەتان لەسەر زەنگ دابنێن و بەر لە زەنگەكە هەرگیز لە خواردن مەكشێنەوە. بە هێمنی خواردن دەبێتە هۆی ئەوەی هەستی تێربوون لە مرۆڤ زیاتر درێژە بكێشێت و هۆرمۆنی تێربوون لە لەشدا بەهێز بێت، بەڵام بەپەلە نانخواردن دەبێتە هۆی ئەوەی پەیامەكان بە باشی لە رێی دەمارەكانەوە بە مێشك نەگەن و مرۆڤ بەردەوام هەست بە برسێتی بكات.

هەشتەم: سوپ یان بەرخۆر
بەرخۆر یان سوپ بەر لە خواردنە سەرەكییەكە یارمەتیتان دەدات خواردنە سەرەكییەكە كەمتر بخۆن و حەزی خواردنتان كەم بكاتەوە، هەڵبەت لەو جۆرە سوپانە دوور بكەونەوە كە چەورن و كالۆریان زۆرە.

نۆیەم: خواردنی سەوزەوات و میوە
 هەوڵ بدەن لە جیاتی یەك جۆر سەوزە یان میوە لە كاتی نانخواردن سوود لە چەند جۆرێكی جیاواز وەربگرن كە رێیەكی زۆر گونجاوە بۆ دابەزاندنی كێش.

دەیەم: كشانەوە بەر لە تێربوون
 پێش ئەوەی تێر بن دەست لە خواردن هەڵبگرن و ناكرێت هەر بە قسەی ورگت بكەیت و خواردنی تێكەیت هەر كاتێك هەستت كرد 80% برسی بوونەكەت رەویوتەوە، دەكرێت دەست لە خواردن هەڵبگری كە هۆكارێكی زۆر گرنگە لە رێگریكردن لە قەڵەوبوون و كۆنەبوونەوەی چەوری زیادە لە ناو لەشدا.





وشە - سلێمان تاشان