سبەی شاندێكی سوننە لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆ دەبنەوە

:: PM:03:27:18/08/2018 ‌
بڕیارە سبەی یەكشەم 19ی ئاب/ئۆگستس، شاندێكی باڵای هاوپەیمانی میحوەری وەتەنی سەردانی هەولێر بكەن و لەگەڵ  سەرۆك بارزانی لەسەر پرسی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق كۆ ببنەوە.

بەنگین رێكانی ئەندامی شاندی دانوستكاری پارتی لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" دووپاتی لە سەردانی شاندی هاوپەیمانی كردەوە بۆ هەولێر، رای گەیاند سەردانی ئەو شاندە دوای ئەوە دێت ئەوان لەناو خۆیاندا رێككەوتوون لەسەر پێكهێنانی هاوپەیمانیەتییەك كە نوێنەرایەتی سوننەكان دەكات.

هاوپەیمانی میحوەری وەتەنی پێكدێت لە ئوسامە نوجێفی سەركردەی هاوپەیمانی متەحیدوون، خەمیس خەنجەر ئەمینداری گشتی پڕۆژەی عەرەبی، سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمانی ماوە تەواوبوو، جەمال كەربولی سەرۆكی لیستی حەل و ئەحمەد جبووری پارێزگاری سەڵاحەدین و فەلاح زێدان وەزیری بازرگانی حكوومەتەكەی عەبادی.

بەڵام لە هاوپەیمانیەتییەكە عەلاوی و موتڵەگ بەشدار نین، ئەمە لە كاتێكدا چەند لایەنێك لە هاوپەیمانی نیشتمانی كە عەلاوی سەركردایەتی دەكات، جیا بوونەوەتەوە و ژمارەی كورسییەكانیان ئێستە كەمترە لە 10 كورسی پەرلەمانی، كە لیستەكەی عەلاوی خۆی و ساڵح موتڵەگ ماونەتەوە.

هاوپەیمانی حیواری وەتەنی لە 51 پەرلەمانتاری سوننە پێكدێت، چاوی لە دەستخستنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانە، بەڵام ئەحمەد حەربا ئەندامی هاوپەیمانیەتییەكە ئاشكرای كرد، هێشتا لایەنەكان لەسەر دەستنیشانكردنی كەسایەتییەك بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان نەگەیشتوون بە رێككەوتن، بەڵام لە رۆژانی داهاتوودا گفتوگۆكان بەردەوامییان دەبێت بۆ دەستنیشانكردنی نوێنەری سوننە بۆ سەرۆكی پەرلەمان بە جۆرێك كە لایەنی كوردی و شیعە پێی رازی بن.



وشە - فه‌رمان سادق