دوای جەژن بەغدا بۆ پێكهێنانی حكوومەت دەكەوێتە جووڵە

:: PM:03:31:18/08/2018 ‌
هێشتا كۆبوونەوەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق لە بەغدا دەستی پێ نەكردووە، سەرباری ئەوەی بەهۆی دووبارە ژماردنەوەی دەستی بەشێك  لە  سندووقەكانی دەنگدان، وای كرد پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەتی عێراق زیاتر دوا كەوت.

ئەمڕۆ شەموو 18ی ئاب/ ئۆگستس، شوان محەمەد تەها بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هێشتا هیچ جووڵەیەك بۆ دەست پێكردنی گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەكان نییە تا حكوومەتی  داهاتوو پێك بهێنرێ.

زیاتر گوتی، دەست پێنەكردنی گفتوگۆكان پێوەندی بە پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی دەستی دەنگەكانەوە هەیە كە پێویستە دادگای فیدڕاڵی بڕیاری لەسەر بدات.

بەرپرسەكەی پارتی بە دووری زانی تا دوای جەژن هیچ كۆبوونەوەیەك لە نێوان لایەنە سیاسییەكان بكرێت، وەك گوتی، دوای جەژن جووڵەی نێوان لایەنە سیاسییەكان لە بەغدا دەست پێ دەكات".

ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتر شاندێكی پارتی و یەكێتی چەند جارێك بەمەبەستی كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان سەردانی بەغدایان كرد، بەڵام لایەنەكان لە بەغدا هێشتا لە یەكتر دوورن بۆ ئەوەی گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو بكەن.
 




وشە - سه‌رخێڵ هاشم