زۆرێك لە خەڵك تەنیا كاتێك هەڵوژەی وشك دەخۆن كە تووشی گرفتەكانی هەرس دەبن بەتایبەتی قەبزی، بەڵام ئەم سوودەی هەڵوژەی وشك تەنیا یەكێكیانە، جیا لەوە چەندان سوود و بەكارهێنەری تری هەیە كە گرنگە بۆ لەش ئەگەر بتەوێت تەندروستیت باشتر ببێت و لە نەخۆشییەكانی كۆڵۆن و هەرس بەدوور بیت ئەوا هەڵوژەی وشك بخۆ.
یەكەم: یارمەتی كەمكردنەوەی پەستانی خوێن دەدات، ئەگەر هەستت بە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن كرد، ئەوە بەردەوام هەڵوژەی وشك بخۆ، چونكە سەلمێنراوە كە هەڵوژەی وشك پەستانی خوێن ئاسایی دەكاتەوە و ڕێ لە بەرزبوونەوەی دەگرێت، ئاستی پۆتاسیۆم بەرز دەكاتەوە و بەمەش دیواری خوێنبەرەكان خاو دەبنەوە و ڕۆیشتنی خوێن باشتر دەبێت.
دووەم: ڕێ لە ڕەقبوونی دەمارەكانی خوێن دەگرێت، نەك تەنیا بۆ پەستانی خوێن بەسوودە بەڵكوو مەترسییەكانی نەخۆشی دڵ كەم دەكاتەوە، خواردنی هەڵوژەی وشك ڕێ لە ڕەقبوونی دەمارەكان و گیرانی خوێنبەرەكان دەگرێ، هەروەها یارمەتی سووتانی چەوری لەش دەدات و ڕێ لە بەرزبوونەوەی كۆڵیسترۆڵ دەگرێت.
سێیەم: ئێسك بەهێز دەكات، هەڵوژەی وشك دەوڵەمەندە بە ڤیتامین K و بڕێكی زۆر پێكهاتەی خۆراكی گرنگی تێدایە كە پێویستە بۆ لەش، بەمەش ڕۆڵێكی گرنگ دەبینێت لە بەهێزكردنی ئێسكدا، بەگوێرەی توێژینەوەكان بوونی ڤیتامین K یارمەتی بەرزبوونەوەی ئاستی كالیسیۆم لە جەستە دەدات.
چوارەم: ڕێ لە شێرپەنجەی كۆلۆن دەگرێت، بەهۆی هەبوونی ریشاڵ و ڤیتامینەوە خواردنی هەڵوژەی وشك ڕێ لە شێرپەنجەی كۆلۆن دەگرێت و ریخۆڵەكان پاك دەكاتەوە لە ماددەی ژەهراوی و بەكتریا.
پێنجەم: یارمەتی دابەزاندنی كێشی لەش دەدات، ئەگەر بتەوێت كێشی لەشت كەم بكەیتەوە ئەوە خواردنی تەندروست بخۆ لەگەڵ وەرزشكردن و خواردنی هەڵوژەی وشك، شارەزایانی تەندروستی دەڵێن خواردنی هەڵوژەی وشك بەهۆی بوونی بڕێكی زۆریی ڕیشاڵ، هەستی برسیەتی كەم دەكاتەوە و گەدە قوورس دەكات، بەمەش توانای خواردن كەم دەبێتەوە لە ئەنجامدا كێشی لەش لە ماوەیەكی كەمدا دادەبەزێت.