شیعە و سوننە ڕوو لە هەولێر دەكەن و كوردیش هەوڵی یەكڕیزی دەدات
بڕیارە دوای جەژن پارتی و یەكێتی لەگەڵ چوار لایەنەكە كۆ ببنەوە، شاندێكی باڵای سوننەش لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق سەردانی كوردستان دەكەن، ئەمەریكا و ئێرانیش لە بەغدا گوشار دەخەنە سەر شیعەكان بۆ خۆ یەكلاكردنەوەیان. چاوەڕوان دەكرێت شاندی كوردستانیش دوای جەژن سەردانی بەغدا بكات.
بەگوێرەی زانیارییەكان چاوەڕوان دەكرا لەم هەفتەیە شاندێكی هاوبەشی پارتی و یەكێتی سەردانی بەغدا بكەن بۆ دەستپێكردنی دانوستاندنی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، بەڵام سەرچاوەیەكی پارتی دەڵێ سەردانەكە بۆ دوای جەژن دوا خراوە. هاوكات سەعدی پیرە گوتەبێژ و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رەتی دەكاتەوە شاندی كوردستانی سەردانی بەغدا بكەن، ئەو دەڵێ لایەنی كوردستانی لەو كاتەدا سەردانی بەغدا دەكات، كاتێك ئەوان ئامادە بن، بۆیە تا ئەوان ئامادە نەبن شاندی كوردستانی سەردانی بەغدا ناكات. گوتی "تا ئێستە ئەوان ئامادە نەبوونە تا ئێمە بڵێین دەچین یان نا، نازانین ئەنجامەكەی چۆن دەبێت، بەڵام شاندێكی ئەوان دێن بۆ لای ئێمە".
سەردانی شاندی پارتی و یەكێتی بۆ بەغدا لە كاتێكدایە هەردوو حزب لە هەوڵەكانیان بەردەوامن بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی كوردستانی بە بەشداری لایەنەكانی تری بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی، دوێنێ 17ی ئاب/ ئۆگستس لە ساڵوەگەڕی دامەزراندنی حزبەكەی، بارزانی دووبارە داوای یەكڕیزی لە لایەنە كوردستانییەكان كرد لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەیییەكانی كورد.
هاوكات فازڵ میرانی سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد كە دوای جەژن پارتی و یەكێتی لەگەڵ چوار لایەنەكەی تر كۆ دەبنەوە.
میرانی روونی كردەوە كە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامی، كۆمەڵێ ئیسلامی و هاوپەیمانی لەپێناو دیموكراسی كۆ دەبنەوە، گوتی "پارتی پێی وایە بەرپرسیاریەتی دەكەوێتە سەرشان، بۆیە لە هەموو دەرگایەك دەدەین لەپێناو ئامادەكردنی پڕۆژەیەكی هاوبەش و جێگیر و تێروتەسەل پێش ئەوەی شاندی كوردستانی بچێتە بەغدا".
قسەكانی میرانی لە كاتێكدایە سەرەتای هەفتەی رابردوو ئەو چوار لایەنە لە مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە شاری هەولێر كۆ بوونەوە و ئامادەیییان نیشان دا بۆ گفتوگۆ و دیالۆگی نیشتمانی.
پێوەند بەو پرسە سەعدی پیرە كە قسەی بۆ "وشە" كردووە، روونی كردەوە لەسەر بنەمای بەیاننامەكەی هەفتەی رابردوو ئەو چوار لایەنە، وەك یەكێتی و پارتی لەگەڵیان دانیشتن دەكەین، بە ئەرێنیشی دەزانین.
لەبارەی كاتی كۆبوونەوەكەشیان، سەعدی گوتی "دیار نییە كەی كۆ دەبینەوە، پێش جەژن یان كاتی جەژن یان دوایی، بۆیە ئەوە گرنگ نییە، بەڵام هێشتا ئەوەش روون نییە پارتی و یەكێتی بەیەكەوە لەگەڵیان كۆبوونەوە دەكەن یان بە جیاواز، ئەوەی روونە كۆبوونەوە دەكرێت بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی كوردستانی تا هەموومان بەیەكەوە بچین بۆ بەغدا".
جێی باسە تا ئێستە ئەو چوار لایەنە ئەنجامی هەڵبژاردن رەت دەكەنەوە و قبووڵیان نییە وەك لە بەیاننامە هاوبەشەكەیان ئاماژەیان پێی كردبوو، كە بەگوێرەی ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە پارتی 25 كورسی و یەكێتی 19 كورسی بەدەست هێناوە.
بەنگین رێكانی ئەندامی شاندی دانوستاكاری پارتی لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" دووپاتی لە ئامادەبوونی پارتی و یەكێتی كردەوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ چوار لایەنەكە، هێمای بۆ ئەوە كرد كە چاوەڕوانی وەڵامی ئەو لایەنانە دەكەن بۆ دەستنیشانكردنی رۆژی كۆبوونەوە.
بەنگین رەخنەی ئەوەی لەو چوار لایەنە و تەواوی لایەنە سیاسییەكانی عێراقی گرت بەوەی گفتوگۆكانیان دەخەنە كۆتایی كات، لەو دەمەی كات زۆر كەم دەمێنێتەوە.
لەبارەی دۆخی عێراقیش، ئەو ئەندامەی شاندی دانوستانكاری پارتی ئاماژەی بەوە دا كە تا دووشەم گۆڕانكاری گەورە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقی روو دەدات، بەتایبەت دوای ئەوەی هاوپەیمانی فەتح و دەوڵەتی یاسا لیستی هاوبەشیان راگەیاند، ئەوەی ماوەتەوە چاوەڕوانی هەڵوێستی هاوپەیمانی نەسڕ و سائیروون و حیكمە دەكرێت خۆیان یەكلا بكەنەوە، بە تایبەت دوای جیابوونەوەی فالح فەیاز و ئاراس كەریم و فەزیڵە لە هاوپەیمانی نەسڕ بە سەرۆكایەتی عەبادی كە ژمارەیان نزیك 30 كورسی دەبێت.
بەنگین رێكانی ئاشكرای كرد كە سبەی یەكشەم شاندی هاوبەشی میحوەری وەتەنی كە شەش لایەنە سوننەكەن، سەردانی هەولێر دەكەن و لەگەڵ بارزانی كۆ دەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق دەكرێت.
ئەوەشی خستەڕوو كە ئەمەریكایی و ئێرانییەكان لە بەغدا لەسەر هێڵن لەگەڵ هەموو لایەنە شیعەكان بۆ یەكلاكردنەوەی هەڵوێستی خۆیان، هاوكێشەكەش لەبارەی ناوماڵی شیعە لە گۆڕانكاری بەردەوامدایە.
جێی باسە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئایاری رابردوو ئەنجام درا، دوای دووبارە هەژماركردنەوەی بەشێك لە سندووقەكان و راگەیاندنی ئەنجامی دووبارە هەژماركردنەوەی، چاوەڕوان دەكرێت رۆژی دووشەم ئەنجامی كۆتایی و پەسندكردنی ناوەكان رابگەیەنرێت، بەمەش ماوەی یاسایی و دەستووری كە 15 رۆژە بۆ كۆبوونەوەی یەكەمی پەرلەمانی عێراق دەست پێ دەكات، كە بەگوێرەی دەستوور لە یەكەم كۆبوونەوەدا دەبێت دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بێتە هەڵبژاردن و لە كۆبوونەوەی دووەمیش سەرۆك كۆمار بێتە هەڵبژاردن و لیستی گەورەش بۆ پێكهێنانی حكوومەت رادەسپێرێت.
وشە -
فهرمان سادق