سەركردەیەكی رەوتی حیكمە بە سەرۆكایەتی عەماڕ حەكیم ئاشكرای كرد، جموجووڵی چڕ و فرەوانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەستی پێ كردووە، بە ئامانجی پێكهێنانی گەورەترین هاوپەیمانی و فڕاكسیۆن لە پەرلەمانی عێراق.
عەلی بدیری سەركردە لە ڕەوتی حیكمە بە پێگەی "
بغداد الیوم"ی ڕاگەیاند، لە ڕۆژانی ڕابردووەوە جموجووڵی فرەوانی ئەمەریكا و ئێران لە عێراق دەستی پێ كردووە، بە ئامانجی پێكهێنانی گەورەترین هاوپەیمانی و دروستكردنی حكوومەتی داهاتووی عێراق، هەردوو وڵاتەكە دەیانەوێ گەورەترین هاوپەیمانی بەو شێوازە پێك بهێنرێ كە لە بەرژەوەندی ئەواندایە.
ئاماژەی دا، ئەو جموجووڵانە هاوپەیمانی سائیروون و حیكمە ناگرێتەوە، چونكە ئێمە لەسەر بنەمایەكی نیشتمانی لە پرسەكە دەڕوانین و نامانەوێ بە دەستوەردانی دەرەكی حكوومەتی نوێی عێراق پێك بهێنرێ، بەڵكو دەبێ لەناوخۆ و هەوڵێكی نیشتمانییانە بێ.
دووپاتی كردەوە، كە هەندێ لایەنی تۆ بۆ وەرگرتنی پۆست و دووبارەكردنەوەی مەزەوگەرایی و بەشبەشێنە لەگەڵ ئەو وڵاتانە لەسەر خەتن و دەیانەوێ بە دەستی دەرەكی حكوومەت دروست بكریتەوە.
پێشتر میدیاكان بڵاویان كردەوە، كە هەریەك لە برێت مەكگۆرك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە بەغدان و دەستیان بە كۆبوونەوە و دیدار و جموجووڵی چڕ كردووە، بۆ كۆكردنەوەی لایەنەكان لە دەوری بەرژەوەندییەكانی خۆیان و پێكهێنانی گەورەترین هاوپەیمانی و فراكسیۆنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق.