دەوامی زانكۆ پێش دەخرێت
زانكۆی هەڵەبجە بڕیاری دا پێش هەموو زانكۆكانی تری كوردستان دەست بە خوێندنی ساڵی نوێ بكاتەوە و خشتەی ساڵی نوێی خوێندنیشی بڵاو كردەوە.
ئەمڕۆ شەموو 18ی ئاب/ ئۆگستس، بەپێی ڕاگەیەنراوێكی زانكۆی هەڵەبجە كە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە، بڕیار دراوە كە لە ڕۆژی 2ی ئەیلوول دەست بە خوێندنی ساڵی نوێ بكرێت و وادەی تاقیكردنەوەكانیش دیاری كراوە.
وەك لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئاماژەی بۆ كراوە، ئەو بڕیارە لەمیانەی كۆبوونەوەیەكی گشتیی زانكۆكەدا هات كە بە ئامادەبوونی سەرۆكی زانكۆ و بەشەكانی ڕۆژی پێنجشەمی ڕابردوو بەڕێوە چوو.
زانكۆی هەڵەبجە لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەدا دووپاتی لەوەیش كردووەتەوە كە پابەندن بە هەر پشوویەكی تری ساڵانە كە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دانراوە.
پێشخستنی دەست پێكردنی خوێندن لەلایەن زانكۆی هەڵەبجەوە لە كاتێكدایە كە هەریەكە لە زانكۆكانی هەولێر و سلێمانی بڕیاریان وایە ڕۆژی 16ی ئەیلوول دەست بە خوێندنی ساڵی نوێ بكەنەوە.
دوای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە ئەو شارە بووە خاوەنی زانكۆ و لە چەند ڕۆژی ڕابردوویش حكوومەتی عێراق بڕیاری دا تابلۆی ئۆتۆمبێل و پاسپۆڕت بەناوی ئەو شارە بكرێت، ئەوەیش وەك ددان پێدانانێك بۆ بوون بە پارێزگا لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە.
وشە -
سهرخێڵ هاشم