گرنگترین وێستگەكانی ژیانی كۆفی عەنان

:: PM:04:56:18/08/2018 ‌
كۆفی عەنان حەوتەمین سكرتێری گشتی پێشتری نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكەمین رەشپێست كە ئەو پۆستەی وەرگرتووە، ئەمڕۆ شەموو لە تەمەنی 80 ساڵیدا گیانی لە دەست دا. دیموكراتەكانی ئەمەریكا پێیان وایە باشترین سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكان بووە.

بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی، كۆفی عەنان سكرتێری پێشتری نەتەوە یەكگرتووەكان ئەمڕۆ شەموو لە تەمەنی 80 ساڵی گیانی لە دەست داوە. عەنان یەكەمین رەشپێست بووە پۆستێكی وەها باڵای نێودەوڵەتی بۆ ماوەی دوو خول، 1997 تا 2006 وەرگرێت و حەوتەمین سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكانیش بووە

دیموكراتەكانی ئەمەریكا، پێیان وایە عەنان باشترین سكرتێری بووە كە نەتەوە یەكگرتووەكان لە مێژووی خۆیدا بەخۆیەوە دیبێتی، وەك ریچارد هوڵبرووك نوێنەری ئەمەریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان پێناسی دەكات. بەڵام كۆمارییەكانی ئەمەریكا هەمان بۆچوونیان لەسەر عەنان نییە، بەتایبەت دوای ئەوەی عەنان لە ساڵی 2004 لە دیمانەیەكی تایبەت لەگەڵ بی بی سی، بە راشكاوی رای گەیاند جەنگی دژ بە عێراق یاسایی نەبوو.

مێژووی عەنان
عەنان لە ساڵی 1938 لە شاری كواسی لە غانا لە دایك بووە، خوێندنی لە كوماسی و مینیسوتا و ماساچوستس و جنێڤ تەواو كردووە، دواتریش لە ساڵی 1962 وەك كارمەندێكی كارگێڕی و بەرپرسی بودجە لە رێكخراوی تەندروستی جیهانی دامەزراوە.

عەنان لە ئەنجوومەنی ئابووری نێودەوڵەتی لە ئەفریقا، بە دیاریكراوی لە ئەدیس ئەبابا، هەروەها هێزی فریاكەوتنی نێودەوڵەتی لە ئیسماعیلییە و نووسینگەی سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای كاروباری پەنابەران لە جنێڤ و بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان كاری كردووە و پۆستی جیاواز جیاوازی وەرگرتووە، تا ئەو دەمەی سەرپەرشتی پاراستنی ئاشتی لە نەتەوە یەكگرتووەكان گرتووەتە دەست.

ساڵی 1997 كۆفی عەنان بووە یەكەمین رەشپێست كە پۆستی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان وەربگرێت، دوای ئەوەی بترس غالی سەرۆك بڕیاری دا خۆی كاندید نەكاتەوە بۆ خولی دووەم.

ئەو دەمەی عەنان پۆستەكەی وەرگرت، نەتەوە یەكگرتووەكان نزیك بوو لەوەی مایەپووچ بێت بەهۆی ئەوەی لە تەنگژەیەكی گەورەی دارایی بوو.

عەنان دوای ئەوەی سەردانی واشنتنی كرد بۆ دانی شایستە دارایییەكان بۆ رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی, ئەوا پلانێكیشی داڕشت بۆ چاكسازی و نوێكردنەوە و كەمكردنەوە، لەوانە دوورخستنەوەی هەزار فەرمانبەر لە بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك كە ژمارەكە پێشتر شەش هەزار فەرمانبەر بوون.

عەنان و خەڵاتی نۆبڵ
جگە لە دۆسیەی عێراق، هەموو وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەكگرتووەكان رۆڵی عەنان لە كیشوەری ئەفریقا بەرز هەڵدەسەنگێنن، ئەوەش لە چارەسەركردنی كێشە گەلێكی زۆر پێوەند بە شەڕ و گرووپەكان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و هاوكاریكردنی هەزاران هاووڵاتیی سڤیل لە سزادان و لێدان و هاندانی وڵاتانی ئەفریقی بۆ گەشەسەندن و پێشكەوتن.

عەنان كەسی خۆی مامەڵەی لەگەڵ نەخۆشیی ئایدز دەكرد و كاری بۆ كرد و پارەی بۆ كۆكردەوە لە وڵاتە دەوڵەمەندەكان بۆ رووبەڕووبوونەوە و رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەو نەخۆشییە، توانی باوەڕ و بە زۆر لە وڵاتان بهێنێت بەتایبەت وڵاتانی ئەفریقی كە ددان بە مەترسی ئەو نەخۆشییە بنێن.

كارەكانی عەنان وایكرد ساڵی 2001، خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی وەرگرێت.

نەوت بەرانبەر بە خۆراك
لە بەرنامەی نەوت بەرانبەر بە خۆراك كە نەتەوە یەكگرتووەكان ساڵی 1997 لەگەڵ عێراق واژووی كرد، تێیدا رێی بە عێراق دا لە چوارچێوەی نەوت بەرانبەر بە خۆراك، نەوتەكەی بفرۆشێت بۆ دابینكردنی خۆراك كە لە رێی پسوولەی خۆراكەوە تا ئێستەشی لەگەڵ بێت بەسەر هاووڵاتییان دابەش دەكرێت.

بۆ ئەوكات بەرنامەی نەوت بەرانبەر بە خۆراك بۆ عێراقییەكان زۆر گرنگ بوو، بەتایبەت دەوڵەتی عێراق لە ژێر گەمارۆ و سزای ئابووری نێودەوڵەتی بوو.

لەسەر ئەو بەرنامەیە رەخنە لە عەنان گیرا كە رژێمی بەعس بۆ سوودی خۆی بەكاری هێناوە، بەگوێرەی راپۆرتێكی پۆڵ فۆڵكەر سەرۆكی پێشتری یەدەگی فیدڕاڵی ئەمەریكی، ئەوا سەدام حوسێن سوودی لەو بەرنامەیە وەرگرتووە بۆ دەستخستنی قازانجی نایاسایی.

دوای لێكۆڵینەوە، كۆفی عەنان لەم دۆسیەیە بە پاكی رزگاری بوو كە كوڕەكەی تۆمەتبار كرابوو بەوەی كاری لەگەڵ یەكێك لە كۆمپانیاكان كردووە، ئەو كۆمپانیایەش براوە بووە لە دابینكردنی كەلوپەلی خۆراك بۆ عێراق لە چوارچێوەی بەرنامەكە.

هاوكات رەخنەی ئەوەشی لێ گیرا كە لە دۆسیەی بۆسنە و رواندا وەك پێویست بە خێرایی جووڵەی نەكردووە، لەو دەمەی ئەو سەرۆكی ئۆپراسیۆنەكانی پاراستنی ئاشتی نێودەوڵەتی بووە، كۆمەڵكوژی بۆسنە و رواندا روویان داوە.

چاكسازی
لەو كاتەی عەنان بوو بە ئەمینداری نەتەوە یەكگرتووەكان، دەستی كرد بە چاكسازی لە رێی گوشاری فەلسەفەی دەستوەردان، وایكرد نەتەوە یەكگرتووەكان بچێتە سەرووی سەروەری وڵاتان بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل لە كاتی جەنگەكاندا، بۆ ئەمەش لیژنەی بیرمەندانی دامەزراند بۆ نووسینەوەی راپۆرتێك لە بارەی رۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكان لەو كاتانەی وڵاتان ناتوانن هاووڵاتییانی خۆیان بپارێزن.

لە مانگی ئەیلوول/ سێپتێمبەری 2005، نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیاری دا دەبێت هەموو وڵاتان پارێزگاری لە هاووڵاتییانی خۆیان بكەن لە كۆمەڵكوژی و پێشێلكارییەكانی دژ بە مافەكانی مرۆڤ، ئەمەش بوو بە مەزنترین كارێك عەنان لە نەتەوە یەكگرتووەكان ئەنجامی بدات كە تائێستە ماوەتەوە و پێڕەوی لێ دەكرێت.

لە ساڵی 2006، عەنان وازی لە ئەمینداریەتی نەتەوە یەكگرتووەكان هێنا، پاشان پۆستی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكانی بۆ دۆسیەی سووریا وەرگرت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی ئاشتییانە لەو وڵاتە.

سەرچاوە/ BBC




وشە - فه‌رمان سادق